موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتانی زلهێز لە ڕێگەی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کەرتی تەندروستی و دەرمانەوە، هەوڵدەدەن فشارەکانیان بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێران زیاتر بکەن. ناوبراو ئەم هەنگاوانەی وەک بەشێک لە "ستەمی بەردەوام دژی نەتەوە سەربەخۆکان" وەسف کرد.
ئاوێنە: لە پەیامێکی نوێیدا، خامنەیی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوەی ئەو بە "تۆڕی وڵاتانی هەژموونخواز" ناوی دەبات، لە هیچ جۆرە فشارێک سڵیان نەکردووەتەوە بەرامبەر بە وڵاتان، بەتایبەتیش ئێران. ئەوەشی خستەڕوو کە لایەنە نەیارەکانی تاران کار بۆ ئەوە دەکەن لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانەوە، دۆخی مرۆیی لە وڵاتەکەدا ئاڵۆزتر بکەن.
لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، ڕێبەری ئێران هانی دەسەڵاتدارانی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەی داوە کە پەرە بە خزمەتگوزارییە پزیشکی و پەرستارییەکان بدەن و سیستەمەکە بەهێزتر بکەن. هەروەها جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕێزلێنان لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستی کردەوە، بەو پێیەی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و دابینکردنی سەقامگیریی دەروونی کۆمەڵگە، بە باشترین وەڵام بۆ ئەو گوشارانە دەزانێت کە ڕووبەڕووی وڵاتەکەیان دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستەکانی پێشوویەتی، خامنەیی دەڵێت ئەو وڵاتانە دەستبەرداری شێوازەکانی فشار نابن و دەیانەوێت لە ڕێگەی قۆرخکردن و سنووردارکردنی چارەسەر و دەرمانەوە، بارگرانی و مەینەتی بخەنە سەر شانی خەڵکی ئێران.
جێی ئاماژەیە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ئاستەنگە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ سەر مامەڵە بانکییەکان، کەرتی تەندروستیی ئێران ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی هەندێک جۆری دەرمان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان بووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێکی زۆری پێداویستییە دەرمانی و پزیشکییەکان لە ناوخۆی ئێراندا بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام هێشتا کاریگەریی سزاکان لەسەر هاوردەکردنی کەرەستە خاوەکان و دەرمانە تایبەتەکان بەڕوونی دەبینرێت.