لە کاردانەوەی زیادبوونی هێرشەکانی سەر شانشینی عەرەبیی سعودیە، ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی میسر هاوسۆزی و پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ڕیاز ڕاگەیاند و بڕیاریدا سەرجەم جۆرەکانی هاوکاری و پشتیوانیی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەلامەتیی خاکی سعودیە بخاتە گەڕ.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری میسر، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کۆشکی ئیتیحادیە کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی تایبەت تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکانی ئێستا و ئەو گرژی و پەرەسەندنانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی میسر ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کۆی گشتیی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کردووە، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر سعودیە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە "دەستدرێژیی ڕەتکراوە" وەسف کراون. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردراوە بە ڕاگەیاندنی پشتیوانیی تەواوەتی بۆ شانشینەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەڵوێستەی قاهیرە لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژووییەکان و ڕایەڵە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات سەرچاوەی گرتووە، بەجۆرێک ئەنجوومەنەکە ئاسایشی نەتەوەیی سعودیەی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئاسایشی نەتەوەیی میسر و وڵاتانی عەرەبی لەقەڵەم داوە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی میسردا هاتووە، قاهیرە هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێویست و بەردەست پێشکەش بە سعودیە دەکات، بە ئامانجی بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە و پاراستنی سامان و سەروەریی خاکەکەی و پیرۆزییە ئیسلامییەکان. هاوکات، ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا، بەردەوام دەبن لە چڕکردنەوەی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە.
هەنگاوەکانی پەرلەمان و پەیامەکەی سیسی
ئەم بڕیارە فەرمییە دوای ئەوە دێت، دوێنێ شەممە عەبدولفەتاح سیسی ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست لەپێناو بەرگریکردن لە سعودیە. بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی میسر (پەرلەمان) کرد دانیشتنێکی نائاسایی ساز بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێدانی دەسەڵاتی یاسایی بە سەرۆک کۆمار بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سعودیە لە کاتی پێویستدا.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی میسر کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی پێدانی ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆکی وڵات، تاوەکو لە ئەگەری داواکاریی فەرمیی ڕیازدا، قاهیرە بتوانێت دەستبەجێ هەنگاوی کردەیی بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتە بنێت.
سەرۆکی میسر لە وتارێکدا کە لە مەراسیمی دەرچوونی خولێکی خوێندکارانی ئەکادیمیای سەربازیی میسر پێشکەشی کرد، جەختی کردەوە کە قاهیرە ئامادەیە بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە وڵاتانی دەستەخوشکی لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین، و ڕایگەیاند کە "ئاسایش و سەقامگیریی سعودیە هیچ جۆرە سازش و کەمتەرخەمییەک هەڵناگرێت".
لەگەڵ ئەوەشدا، سیسی ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی هەڵگیرساندنی جەنگ یان هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک نادات، بەڵکو جموجۆڵەکانی لەسەر بنەمای بەرگری و پاراستنە، هاوکات داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ناوچەی کەنداو کرد کار بۆ ڕاگرتنی جەنگی بەردەوام بکەن.
پاشخانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان
ئەم پێشهاتە سیاسی و سەربازییانەی میسر لە کاتێکدایە کە لە مانگی تەمموزی ڕابردووەوە ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان سعودیە و گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) پەرەی سەندووە. لەو ماوەیەدا حوسییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان لە ناوخۆی خاکی سعودیە، کە لە نێویاندا دامەزراوەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی و بنکەکانی وزە کراونەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەی سەر خاکی سعودیە، پێکدادان و شەڕەکان لە ناوخۆی یەمەن بەردەوامییان هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "بەرەبەیانی یەمەن" (فجر اليمن) کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی یەمەنەوە دژی گرووپی حوسییەکان ڕاگەیەندراوە.