عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی خەزەڵوەر / ٢٥ی تشرینی یەکەم) ڕایگەیاند، ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دیکە بۆ سەر ئێران، سەرەنجامێکی جیاوازی لە خولەکانی ڕابردوو لێ ناکەوێتەوە.
ئاوێنە: وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە کەمال خەرازی، وەزیری پێشووتری دەرەوە کە لە نووسینگەی دیراساتی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرجەم ئەو دانوستانانەی لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستان، قەتەر و لایەنەکانی دیکەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام دراون، تاران جەختی لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە تەواوی بەرەکاندا کردووەتەوە. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئەگەر شەڕ لە هەموو بەرەکاندا کۆتایی پێ نەیەت، ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، عێراقچی باسی لەوە کرد کە پێش هەڵگیرسانی شەڕ، ئەو گەرووە بۆ ماوەی چەندین دەیە بە کراوەیی مابووەوە و ئێران و عومان وەک دوو وڵاتی کەناراو، هیچ بەربەستێکیان لەبەردەم هاتوچۆدا دروست نەکردبوو، بەڵکوو لە دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی و پاراستنی ژینگەی دەریاییشدا ڕۆڵیان گێڕابوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە شەڕ دۆخەکەی گۆڕیوە و پێویستە واقیعە نوێیەکان لەبەرچاو بگیرێن. بە گوتەی ناوبراو، ڕێڕەوەکانی تێپەڕین لە گەرووی هورمز وەک ڕابردوو نامێننەوە و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییەش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ پرسانێک کە لەنێوان ئێران و عوماندا تاوتوێ کراون و گفتوگۆکانیش لەبارەیانەوە بەردەوام دەبن.
عێراقچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە زیندووکردنەوەی پرسی شەڕ کرد لەم ڕۆژانەدا و گوتی: «ئەگەر عەقڵانییەت لەئارادا بێت، جارێکی دیکە پەلاماری سەربازی و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵکی ئێران تاقی ناکەنەوە. دوو جار تاقییان کردەوە و ئەنجامەکەیان بینی؛ ئەگەر بیانەوێت جارێکی دیکەش تاقیی بکەنەوە، خۆیان دەزانن چ دەبێت و ئەنجامێکی جیاواز لە جارەکانی پێشوویان دەست ناکەوێت.»