فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە میانەی بەسەرکردنەوەی دەستەی پیشەسازیی جەنگیدا، پاڵپشتیی تەواوی حکومەتی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ناوخۆیی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، عێراق توانای مرۆیی و تەکنیکیی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی لە چەک و کەرەستەی سەربازی بە شارەزایی نیشتمانی دابین بکات.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەردانی بارەگای دەستەی پیشەسازیی جەنگیی کردووە. لە سەردانەکەدا لە نزیکەوە ئاگاداری ئاستی توانای بەرهەمهێنان، لایەنی تەکنیکی و ئەو پێشکەوتنانە بووە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە کەرتی پیشەسازییە سەربازییەکاندا تۆمار کراون. ناوبراو جەختی لە بایەخدانی تایبەت بە پیشەسازیی نیشتمانی و بەتایبەتیش کەرتی پیشەسازیی جەنگی کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق دەتوانێت پشت بە توانا و دەستی کاری ناوخۆیی ببەستێت بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە سەربازییەکانی. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی دەرکردووە کە کەرتی تایبەت بهێنرێتە ناو پرۆسەکەوە و بازنەی هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەو بوارەدا فراوانتر بکرێت.
سەبارەت بە چۆنیەتیی واژۆکردنی گرێبەستەکان و ڕێگریکردن لە گەندەڵی، زەیدی ڕێنمایی تووندی داوە کە دەبێت مامەڵەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکاندا ئەنجام بدرێن. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک کار لەگەڵ کۆمپانیا ناوبژیوانەکان (وەسیت) نەکرێت؛ ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ مسۆگەرکردنی شەفافیەت لە گرێبەستەکاندا، نەهێشتنی ئەڵقە زیادەکانی نێوەندگیری، بنبڕکردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی نایاسایی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عەلی فالح زەیدی بوونی پیشەسازییەکی جەنگیی پێشکەوتووی بە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەروەریی نیشتمانی وەسف کردووە، کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی دەبێت لە بەهێزکردنی پێگەی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە باڵاکانی. هەروەها داوای کردووە گرنگیی زیاتر بە بەشی توێژینەوە و پەرەپێدان بدرێت و هەنگاوەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە پیشەسازییە سەربازییەکاندا خێراتر بکرێن.