وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای دەکات، بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، ئەو دەستڕێژییەی لە ناوچە سنوورییەکان بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەیان، سەرچاوەکەی لەناو خاکی ئێرانەوە بووە و بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستی پێ کردووە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی تشرینی دووەم، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی، ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی لەبارەی ڕووداوێکی تەقەکردن لە سنوورەکانی پارێزگای هەکاری بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەڵسەنگاندنەکانی ئەو وەزارەتە دەریدەخەن کە تەقەکردنەکە لە دیوی خاکی ئێرانەوە ئاراستەی هێزەکانیان کراوە.
ڕووداوەکە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم ڕوویداوە، کاتێک سەربازێکی سوپای تورکیا بەناوی «یوسف سەعید ئۆنلو» لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی سەربازیی خۆیدا لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا لە پارێزگای هەکاری، بەهۆی تەقەکردنەوە لە دیوی خاکی ئێرانەوە بە سەختی بریندار دەبێت. هەرچەندە ناوبراو دەستبەجێ بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەی دادوەری و کارگێڕییان لەسەر ئەو دۆسیەیە دەست پێ کردووە. هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەمدا، بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لە شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەتەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی دۆخەکەیان تاوتوێ کردووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنی ئێرانی، وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە دیوی خۆیانەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و لەئێستادا پڕۆسەی گەڕان بەدوای وردەکارییەکاندا بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو لایەن بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنقەرەدا ناسنامەی تەقەکەرەکە یان ئەو لایەنەی لەپشت ڕووداوەکەوەیە دیاری نەکراوە، هەروەها بەرپرسیارێتیی تەقەکردنەکەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ئەستۆی هێزە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.