ڕاپۆرتی دارایی هەرێم: لە ١٢ ساڵدا بەغدا تەنها ٢٪ی بودجەی گشتیی عێراقی بۆ کوردستان ناردووە
  2026-11-09     

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکی گشتگیردا داتاکانی ١٢ ساڵی ڕابردووی پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ١٤٤ مانگدا بەغدا تەنها تەمویلی ٤٦ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کردووە و ٦٥ تریلیۆن دیناریشی لەژێر ناوی "خەرجیی سەروەری" لە پشکی کوردستان گێڕاوەتەوە.

​وردەکاریی داتاکان؛ لە شایستەی یاساییەوە بۆ خەرجیی کردەیی

ئاوێنە: بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادەی کردووە و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠٢٥، کۆی گشتیی بودجەی عێراق گەیشتووەتە یەک کوادریلیۆن و ٧٦٧ تریلیۆن دینار.

​لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پێش لێبڕینەکان، شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا ٢٤٥ تریلیۆن دینار بووە، و دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکانیش بڕەکەی بۆ ١٤٦ تریلیۆن دینار دابەزیوە. بەڵام وەک حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەوەی بەغدا بە شێوەیەکی کردەیی ناردوویەتی تەنها ٤١ تریلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە ڕێژەی ٢.٠٤٪ی کۆی گشتیی بودجەی عێراق لەو ١٢ ساڵەدا. ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا لە ١٧٪وە بۆ ١٢.٦٧٪، کە هەولێر بە هەنگاوێکی "ناڕەوا" ناوی دەبات.

​پرسی خەرجییە سەروەرییەکان و ناکۆکی لەسەر ڕێژەی دانیشتووان

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هەرێم تیشک دەخاتە سەر میکانیزمی هەژمارکردنی خەرجییە سەروەرییەکان (سیادییەکان) و بە "داوێکی ژمێریاری" وەسفی دەکات. بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، بڕگەکانی خەرجیی سەروەری لە ١٠ بڕگەوە زیادکراون بۆ ١٠٠ بڕگە، و لەو ڕێگەیەوە ٦٥ تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێم بڕدراوە، بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە هیچ سوودێکیان لەو خەرجییانە پێ بگات.

​سەبارەت بە دیاریکردنی پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دەرەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ دەکات کە تێیدا دەرکەوتووە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ١٤.١٤٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، بەڵام ڕەخنەی ئەوە لە بەغدا دەگرێت کە لە ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، پشکی هەرێمی بۆ ١٢.٧٠٪ کەمکردووەتەوە.

​هەڵوێستی فەرمیی هەولێر لەسەر هۆکاری قەیرانی دارایی

لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ئەو داتایانەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بۆ سیاسەتی دارایی بەغدا دەگەڕێنێتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "قەیرانی داراییی هەرێم ئەنجامی میکانیزمێکی سیستماتیک بووە بۆ کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی کوردستان، ئەویش لە ڕێگەی لێبڕینی نادادپەروەرانەی خەرجییە سیادییەکان و بەستنەوەی پشکی هەرێم بە مەرجی 'خەرجیی فیعلی'، کە سەرەنجام بووەتە هۆی ئەوەی لە ماوەی ١٤٤ مانگدا مووچەی ٨ ساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بفەوتێت."

بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە و ئامارانە لە لایەن هەولێرەوە لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندبوو وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە بڕی ١٢٤ ملیار دینار لە کۆی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕێت.

​هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، جموجۆڵە سیاسی و پەرلەمانییەکان لە بەغدا بەردەوامن؛ لە ئێستادا شاندێکی پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدان، بە مەبەستی لابردنی مەرجی "خەرجیی کرداری" (ئینفاقی فیعلی) لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، تاوەکو ناردنی مووچە نەبەسترێتەوە بە خەرجییەکانی دیکەی حکومەتی فیدراڵییەوە.

زۆرترین بینراو
بەفەرمی؛ یەکێتی دەرگای بەشداریی لە حکومەت داخست و پۆستەکانی چۆڵ کرد
مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
مه‌لا شڤان: به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانم نه‌كردایه‌ یه‌كێتی نیو ملیۆن دۆلاری پێده‌دام
عێراق: توركیا ده‌ستده‌كات به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغی سه‌ربازگه‌ی باشیك
لافاوەکەی هەولێر قوربانیی لێکەوتەوە؛ شۆفێرێکی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 5 ساڵانیش بێسەروشوێنە
نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
گرژییەکانی سەر پرسی چەک لە عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ سەرۆکوەزیران هۆشداریی توند دەداتە گرووپە چەکدارەکان
لە سبەینێوە "هاوینە بچووک" ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێتە جووتیاران
نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئێران تاوتوێی "هاریکاریی ئەمنی" ده‌كه‌ن
گادی ئایزنکۆت؛ ئەو ژەنەراڵە بێدەنگەی بە پشتیوانیی عەرەبەکان کۆتایی بە سەردەمی نەتەنیاهوو دەهێنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×