ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق کرد و لە دیدارێکدا چەندین پرسی نیشتمانی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتیان تاوتوێ کرد.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیە و پرسی هەستیاری نیشتمانییەوە کردووە، هەروەها تیشکیان خستووەتە سەر ئەو ڕێکارە کردارییانەی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و گەشەپێدان لە وڵاتدا گرتوونیەتە بەر.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان بۆ هەنگاو و ڕێکارەکانی حکومەت کردووەتەوە. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئامانج لەم پشتیوانییە چەسپاندنی سەقامگیری، پاراستنی شکۆ و سەروەریی دەوڵەت و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە، بە شێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و هاوڵاتیاندا بێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتەکەی عەلی زەیدی زنجیرەیەک هەنگاوی کرداریی بە مەبەستی سەپاندنی یاسا و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەستپێکردووە. دیارترین ئەو هەنگاوانە بریتی بوون لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی ستراتیژیی "جورف سەخر" و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لەو سنوورەدا، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵمەتێک لە سەرتاسەری عێراقدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت و پاراستنی سامانی گشتی.
هاوکات لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ چەسپاندنی سەروەریی عێراق و سەرخستنی بەرنامە چاکسازی و ئابوورییەکانی حکومەت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کار لەسەر دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەکات، لەپاڵ ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و دەروازە سنوورییەکانی وڵات.