ده‌ته‌وێت راپۆرتێك له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی ئاماده‌ بكه‌یت؟!
  2020-02-15       2161       
چاوپێكه‌وتنی‌ كه‌ناڵێكی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ كوڕو كچێكدا له‌رۆژی‌ ڤالانتاین-دا
ئا: ئارەزو نوری

ئاخر جەنابی پەیامنێر تۆ لەکوێ دەژی؟ تۆ لەکوردستانێک دەژیت ژنان‌و کچان لەسەر پژمینێکی هەڵە دەکوژرێن، لەسەر بچوکترین شت ئەتک‌و پەتک دەکرێن بە چ مافێک ژیانی کچی خەڵکی دەخەنە مەترسی  بۆ لێدوانێکی خۆتان؟

یا لێیان دەپرسن ئاخۆ ئێوە هاوسەری یەکترن یا چی؟

بەڕای تۆ کابرا دەڵێ نەوەڵا خۆشەویستمەو بەدزی ماڵی باوکی پێکەوە دەرچوین؟

کاتێ زومی کامێراکەت دەخەیتە سەر دو گەنج کە سەرەتای ژیانیانەو دەیانەوێ ساتە جوانەکانی ژیان ببینن.. کچە لەترسا سەر دادەگرێت‌و نایەوێ دەرکەوێ.. نایەوێ بکوژرێ.. نایەوێ ئابڕوی بچێ ئەی بۆ خێرا کامێراکەت دور ناخەیتەوەو رەچاوی ئەوە بکەیت کە ئەوان نایانەوێ بۆ تۆ بدوێن..!

یا ئەوەتا ژیانی مرۆڤەکان هێندە بێ قیمەت بووه‌ کە بۆ دواندنێک بەلاتەوە ئاسایی بێت دوای ئەو راپۆرتە بچی راپۆرتێک لەسەر دۆزینەوەی تەرمی کچێک بکەی کە تۆ هۆکارەکەی..

میدیای کوردی ئێستا هێندەی بەتەنگ کێشەنانەوەو چونە نێو ژیانی تایبەتی خەڵکین نیو هێندە بەتەنگ چارەسەری کێشەکانی خەڵکی نین.. 

وایلێهاتووە کاتێ کامێراو مایک بەدەستێک ئەبینی پەلە خۆتی لێ دور بگری نەبادا بەپرسیارە بێ ماناو بێ سانسۆرەکانیان توشی کێشەیەک ببین.

ئێستا هەرباباو مایک بەدەستێک بۆ ئەوەی خۆی دەرخات بەدوای شتی تایبەتی خەڵک‌و پرسیارکردنی محرج یەخەی ئه‌م و ئەو ئەگرن یا ئەوەتا چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانێک دەکەن کە باری دەرونیان جێگیر نیەو قسەی ناشایستەی پێ دەکەن بەحکومەت‌و بەمەسئول‌و ژیانی کابرا دەخەنە مەترسی تا بگاتە ئەوە کابرا لێیان بپاڕێتەوە توخوا ئەوەیان نیشان مەدە.. لەدەمم دەرچوو.. یا نەمزانی بۆ واموت.. 

ئەمانە هەموی لەمیدیای کوردی رودەدەن‌و کۆمەڵێک پەیجی بێ خاوەنیش خۆیان مەڵاسداوە بۆ شتی واو خێرا بڵاوکردنەوەی‌و گەورەکردنی کێشەکان، کە بەڕاستی له‌ئێستادا ژیانی مرۆڤەکان بەهۆی مایک بەدەستی ناشارەزا، کامێرامانی ناشارەزاو پێشکەشکاری ناشارەزا کەوتۆتە مەترسییوه‌‌و بەر هێرش‌و تانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×