2020-04-28   476     
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەسەرتاسەری جیھان بەھۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە ٢١٠ ھەزاری تێپەڕاند.
ئاوێنە: بەپێی ئەو داتایانەی کە لە ماڵپەڕی “Worldometer” لەبارەی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیانلەدەستدان بەم ھۆیەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەسەرتاسەری جیھان بەھۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٢١٠ ھەزار و ٢٠٤ کەس و ژمارەی تووشبووان بەرزبووەوە بۆ سێ ملیۆن و ٤٣ ھەزار و ٤٠١ کەس.
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی کە تا ئێستا زۆرترین کەس تێدا بەم ھۆیەوە گیانی لەدەستداوە بەم شێوەیەیە: ئەمریکا ٥٦ ھەزار و ١٧٥ کەس، ئیتاڵیا ٢٦ ھەزار و ٩٧٧ کەس، ئیسپانیا ٢٣ ھەزار و ٥٢١ کەس. فەڕەنسا ٢٣ ھەزار و ٩٢٣ کەس. بەریتانیا ٢١ ھەزار و ٩٢ کەس، بەلجیکا حەوت ھەزار و ٢٠٧ کەس، ئەڵمانیا شەش ھەزار و ٢١ کەس، ئێران پێنج ھەزار و ٨٠٦ کەس و چین بە چوار ھەزار و ٦٣٣ کەس لە دوای یەکتردا دێن.