لەگەڵ دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنی "ئۆپیك پڵەس" نرخی نەوت بەرزبونەوەوە
  2020-05-01       943       

بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ هەینی رێككەوتنەكەی نێوان وڵاتانی ئۆپیك پڵەس، كە مانگی رابردو بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئیمزایان كرد، دەچێتە بواری جێبەجێكردن، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، نرخی نەوتی رۆژئاوای تەكساس، ئەمڕۆ هەینی، بە 20.45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك مامەڵەی پێوەكراوە.

هەروەها نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ لەسەدا 1.66 بەرزبۆتەوەو نرخی هەر بەرمیلێكی ئەو نەوتە بە 26.93 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

رۆژی 12ی نیسان، وڵاتانی رێكخراوی ئۆپیك و چەند وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەرەوەی رێكخراوە كە بە "ئۆپیك پڵەس" ناسراون گەیشتنە رێككەوتن بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە سێ قۆناغ.

قۆناغی یەكەم بە كەمكردنەوەی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگی ئایارو حوزەیران دەستپێدەكات و لەقۆناغی دوەمدا كەمكردنەوەكە دەكرێتە 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە نیوەی دوەمی ئەمساڵداو پاشان لە قۆناغی سێیەمدا كەمكردنەوەكە بۆ 5.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا تاوەكو كۆتایی مانگی نیسانی 2022، دادەبەزێنن.

لەو سێ قۆناغەدا، وڵاتانی بەشداری رێككەوتنەكە هەریەكە پابەندەبن بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە قۆناغی یەكەمدا بەڕێژەی لەسەدا 23و لە قۆناغی دوەمدا بەڕێژەی لەسەدا 18و لە قۆناغی سێیەمدا بەڕێژەی لەسەدا 14.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×