لە سبەیەوە بەشێکی لە مزگەوتەکان ئێران دەکرێنەوە
  2020-05-03       542       

سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند، لەو ناوچانەی بەڕێژەیەکی کەم ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)یان لێ تۆمارکراوە، یاخود وەک ناوچەی سپی دیاریکراون لە سبەیەوە مزگەوتەکان دەکرێنەوە.

ئاوێنه‌: سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە میانی کۆبوونەوەی “دەزگای نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا”دا باسی لە رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە کرد و رایگەیاند “بڕیارمان داوە لە ١٣٣ ناوچە کە ژمارەیەکی کەمیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)یان لێ تۆمارکراوە یاخود وەک ناوچەی سپی دیاری کراون لە سبەیەوە مزگەوتەکان بکرێنەوە و نوێژی هەینیشیان تیادا ئەنجامبدرێت”.

حەسەن روحانی ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە پێویستە لەو مزگەوتانەدا رەچاوی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی بکرێت، باسی لەوەش کرد کە لە ١٦ی ئایارەوە قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەش دەکرێنەوە.

لە ٢٦ی نیسانی رابردوو سەرۆککۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردبوو کە لەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)وە وڵاتیان بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشکردووە کە ناوچەی سپی، زەرد و سوورن، لەو چوارچێوەیەشدا ئەو ناوچانەی بۆ ماوەی ١٤ رۆژ هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەیان تیادا تۆمارنەکرێت و کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانلەدەست نەدات وەک ناوچەی سپی دیاری دەکرێن.

یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ئێران ١٩ی شوباتی رابردوودا لە پارێزگای قوم دیاری کرا و بەخێرایی بە هەموو پارێزگاکانی دیکەدا بڵاوبووەوە، تا ئێستاش ٩٦ هەزار و ٤٤٨ حاڵەتی تووشبوون و شەش هەزار و ١٥٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×