دەوامی فەرمانبەران لە سعودیە ئاسایی کرایەوە
  2020-05-31       744       

لە چوارچێوەی سووککردنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، دەوامی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت لە سعوودیە ئاسایی کرایەوە.
 
ئاوێنه‌: پێشتر وەزیری سەرچاوە مرۆییەکان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سعوودیە، ئەحمەد راجیحی رایگەیاندبوو کە لە ٣١ی ئەم مانگەوە بەڕێژی ٥٠ لەسەدا، دەست دەکرێت بە ئاساییکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی.

ناوبراو باسی لەوەیشکردبوو کە لە حەوتی مانگی داهاتووەوە بەرێژەی ٧٥ لەسەدا دەست دەکرێت بە ئاساییکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و لە ١٤ی مانگی داهاتووەوە، بەڕێژی سەد لەسەد دەوامی سەرجەم فەرمانبەران ئاسایی دەکرێتەوە.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە رایگەیاندبوو لە ٢٠ی مانگی داهاتووەوە،  قەدەغەکردنی هاتوچۆ سووک دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا رێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا هەشتی ئێوارە هاتوچۆ بکەن، هەروەها مزگەوتەکان بەڕووی موسڵماناندا دەکرێنەوە و دەست دەکرێتەوە بە گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوخوی وڵاتدا.

بڕیاروایە لە ٢١ی مانگی داهاتووەوە، ژیان لە سعوودیە بەبێ قەدەغەکردنی هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.

کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە لە سعوودیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون گەیشتووەتە، ٨٣ هەزار و ٣٨٤ کەس کە ٤٨٠یان گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×