وێنەی چین لەتەنگژەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، پەیوەندیی فەلسەفە بەڕەگەزگەریی کۆرۆناوە
  2020-06-02       511       

لێئا شنایدەر - دۆیچلاند فونک کولتور
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

کڵێشە نەگۆڕە نێگەتیڤەکان کە لەبارەی چین هەن، لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا لە شکۆفەدان. هەروەها فەیلەسوف ئالان بادیو لەنێو کۆرسی ئەم سترانەدا بەشدارە، لەم پەیوەندییەشدا لێئا شنایدەری زانای زمانە چینییەکان دەبێژێت، کە بادیو بەم بەشداریکردنەی دەریدەخات تا چە ڕادەیەک تێگەیشتنی ڕۆشناییەکان بۆ ئاوەز بە وێنەی ڕەگەزگەرییانەی (ڕاسیستیانەی) هزرەوە ئاڵاوە.

ئایا دەزانیت کە لە شاری ڤوهان تەنیا ڤایرۆسی کۆرۆنا نەتەنیوەتەوە، بەڵکو لەوێ هەروەها شۆڕشێک بەرپا بووە کە ساڵی 1911 بوو بەهۆی دامەزراندنی کۆماری چین وەک یەکەمین دێمۆکراتی لە ئاسیادا؟ ئەوەت نەزانیوە؟ ئایا ئەمە یەکەم جارە بەڕێزت دەبیستیت کە دابێکی دێمۆکراتییانە لە وڵاتی چین هەبووە؟ قەیدی ناکات، تۆ لەم مەسەلەیەدا بەتەنیا نیت.

فەلسەفە: مێژوویەکی درێژخایەنی کلێشە ڕەگەزگەرییەکان
دەمێک بوو هێندەی ئەمڕۆ لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا ڕوون نەبوو کە چەند زۆر بەردەوامییە پۆست-کۆلۆنیالەکان شەقڵیان بەو وێنەیە داوە کە ئێمە بۆ ناوچەی کولتووریی چین هەمانە. ئەوانە کڵێشەی ڕەگەزگەرین بە مێژوویەکی درێژخایەنەوە کە سەرەتاکەی هەروەها لەنێو فەلسەفەی ڕۆشناییەکاندایە.
بۆ نموونە هێگل وەسفی چین دەکات وەک دەوڵەتێک کە "لە دەرەوەی مێژووی جیهان"دایە. بە دیدی هێگل کولتووری چین بەتەواوی نەگۆڕە، بۆیە لەو کولتوورەدا نە پێشکەوتن و نە ئازادی هەیە. هێگل دەنووسێت: "خۆرهەڵاتییەکان هێشتا نازانن کە هۆش یان مرۆڤ وەک خودی مرۆڤ لە خۆدا ئازادە؛ لێ لەبەرئەوەی بەوە نازانن، ئەوا ئازاد نین".

ئالان بادیو و نوێکردنەوەی کڵێشە کۆنەکانی هزر لە سەردەمی کۆرۆنادا
هەنووکە فەیلەسوفی فەڕەنسی ئالان بادیو لە گۆتارێکیدا ئەو جۆرە هزرە نوێدەکاتەوە. بە دیدی بادیو تەنینەوەی ڤایرۆسەکە لە ڤوهانەوە "هۆکاری دێرین"ی هەیە کە خۆی لە "داب و نەریتە قەدیمییەکان"ی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە. ئەوجا بادیو بەردەوام دەبێت: "پیسوپۆخڵیی مەترسیداری بازاڕەکانی چین" لە گشت لا ناسراوە بە هەمان شێوەی "حەزی بێجڵەوی چینییەکان بۆ فرۆشتنی هەر ئاژەڵێکی زیندوو".
بادیو بۆ چارەسەری ئەم تەنگژەیە تەواو کارتێزیانە (دێکارتیانە) جەخت لە ئاوەز دەکات. بە دیدی ئەو گەرەکە ئاوەز لە سەردەمانی شڵەژان و ناجەختیدا (نایەقینیدا) بەرز ڕابگیرێت. لێ کولتورناسی چینی کسیانگ زایرۆنگ بە وەڵامێکی ژیرانە کێشەی ئەم دەستپێکەی بادیو دەربڕێت: بادیو پێکەوە لەتەک تێگەیشتنی ڕۆشناییەکاندا بۆ ئاوەز کڵێشەگەلی ڕەگەزگەرییانەی هزر نوێدەکاتەوە کە هەر لە سەرەتاوە لەنێو خودی ئەو هزرەی ڕۆشناییەکاندا چەسپێنراون، واتا ئەو کڵێشانە کە کولتوورەکان بەسەر "ڕاسیۆنال" و "سۆزمەند" (ئیرڕاسیۆنال)، "مۆدێرن" و "پاشکەوتە"، "مەدەنی" و "دڕندە"دا بەشدەکەن.
ئەم مۆدێلە هزرییانە کە سەدان ساڵە چەسپێنراون، ئەمڕۆ ڕێمان لێدەگرن ڕاستینەی چین ببینین: ئاخر لە دەسەلاتدارییە دیکتاتۆرییەکەی کسی یینپینگدا کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هەیە کە ڕەخنەییانە دەهزرێت، کەواتە ئەوە تەنیا کۆمەڵگەیەکی پێکهاتوو نییە لە ژێردەستەی مێشکشۆراو. لەوێ لە مانگی دوو بەدوواوە ناڕەزایی بەتین لەدژی سیستەمی سانسۆر لەگۆڕێن و سۆسیال میدیاکان دەهەژێنن. هەر لەم کاتەشدا ئەو کۆمارەی چین کە لە سەرەوە ناومان هێنا و ئەمڕۆ لەسەر دورگەی تایوانە، لە ئاستی جیهانیدا بە پێشەنگی بەرهەڵستیکردنی کۆرۆنا دادەنرێت.
سەرۆککۆماری تایوان، خاتوو تسای ئینگ-ڤێن، توانیی سەرکەوتووانە ڕێژەی مردن لە کەمترین ئاستدا ڕابگرێت بەبێ ئەوەی یەک تاکە مافی بنەڕەتییانەی دێمۆکراتی بەکاتی هەڵبووەشێنێتەوە. لێ لە ئەڵمانیا بە پێچەوانەوە ڕەگەزگەریی دژە-ئاسیایی لە سەرەتای تەنگژەکەوە بەئاشکرا دەرکەوت و وای کرد خێرا لەژێر هێشتێگی (Hashtag) "من ڤایرۆس نیم"دا چەند گرووپێکی چالاکیگەرا دابمەزرێن تاکو ڕووداوی بەو چەشنە بەدۆکومێنت بکەن.

لێکئاڵاویی کۆلۆنیالیزم و فەلسەفە و ڕەگەزگەریی کۆرۆنا
ڕەنگە ئەو گرووپە چالاکیگەرایانە کەمکارتر بوونایە گەر مەسەلەیەک بەشێکی بێگومان بووایە لە زانینی ئێمە سەبارەت بە جیهان: لە ڤوهان تەنیا یەکەم دێمۆکراتیی چین دەستی پێ نەکرد، بەڵکو کۆلۆنیالیزمی ئەڵمانیش. ساڵی 1895 دەوڵەتی کایزەریی ئەڵمانی یەکەم ئیمتیازی لە چین وەرگرت – ئەوە سێ ساڵ پێش ئەوەی چین بە جەنگێکی هێرشبەرانەی دڕندە دابپۆشرێت.
زۆر دەشێت ئەوە بۆ یەکەم جار بێت کە تۆ لەبارەی کۆلۆنیالیزمی ئەڵمانی لە ئاسیا ببیستیت. ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ڕووتاندنەوەی ئەو کولتوورانە کە بە "پاشکەوتەکان"مان دادەنان، وەک تاوان نەدەبینی، بەڵکو وامان دادەنا کە ئەو کارە یارمەتیدانێکی ئامادەکەرە لە پێناوی "بەمەدەنیکردن"ی ئەواندا. لەم وێنە زێدەڕۆیەدا کە ئێمە بۆ خۆمان هەمانە، بەشدارییەکەی فەلسەفە کەم نەبوو و ئەمڕۆش کەم نییە. بەتایبەتی ڤایرۆسێک کە وەک بێکولتوور دادەنرێت، سەرلەنوێ پێشانمان دەدات کە چەند گرنگە ئێمە بەوردی کار لە مێژوودا بکەینەوە.

لێئا شنایدەر (Lea Schneider) نووسەر و وەرگێڕ و زانای زمانە چینییەکانە. ژمارەیەکی فرە کاری نووسەرانی چینیی بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×