سی ئێن ئێن: کۆشکی سپی داوای کردووە ١٠ هەزار سەرباز رەوانەی واشنتۆن بکرێت
  2020-06-07       447       

تۆڕی CNN رایگەیاند، “کۆشکی سپی داوای کردووە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو خۆپێشاندانانەی کە بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی جۆرج فڵۆید ئەنجام دەدرێن، ١٠ هەزار سەرباز رەوانەی واشنتۆن بکرێت”.

ئاوێنه‌: لە هەواڵێکیدا تۆڕی CNN به ‌پشت به‌ستن به‌ زانیاری گەورە به‌رپرسێكی ئه‌مریكا کە ناوی ئاشکرا نەکردووە ئاماژەی بەوە داوە کە ئیدارەی ترەمپ داوای کردووە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو خۆپێشاندانانەی کە بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی جۆرج فڵۆید ئەنجام دەدرێن، ١٠ هەزار سەرباز رەوانەی واشنتۆنی پایتەخت بکرێن، بەڵام هەریەک لە وەزیری بەرگریی، مارك ئێسپەر و سەرۆک ئەرکانی سوپا، مارک میڵی رەتیان کردووەتەوە کە هێز بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندانانەکان بەکاربهێندرێت.

هاوکات سی ئێن ئێن CNN باسی لەوەیش کردووە، ئەو هەزار و ٦٠٠ سەربازەی کە لەسەر فەرمانی مارک ئێسپەر لە واشنتۆن جێگیرکران، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، دەستیان بە کشانەوە کرد، چونکە لەئێستادا، پێنج هەزار پاسەوانی نیشتمانی لە شارەکەدا، بڵاوکراونەتەوە و هیچ پێویستیان بە یارمەتی سوپا نییە.

بەرپرسەکە وتوویەتی، “سەرۆک ئەرکانی سوپا، مارک میڵی بە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ-ی رایگەیاندووە کە هیچ پێویست ناکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان، سەرباز رەوانەی واشنتۆن بکرێت”.

لەلایەکی دیکەوە دوو رۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هانی فەرمانڕەکانی ویلایەتەکانی دا کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان داوای یارمەتی لە پاسەوانی نیشتمانی بکەن.

لە ٢٥ی مانگی رابردوودا، جۆرج فڵۆیدی تەمەن ٤٦ ساڵ كە هاووڵاتییەكی ئەمریكی رەشپێست بوو لە میانی دەستبەسەركردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا و ئەمەش شەپۆلێكی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سەرتاسەری ئەمریكادا دروست كرد.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×