گۆڕان دەنگۆی دانەوەی 20 ملیار دۆلاری قەرزی حزبەكە لەلایەن پارتییەوە رەتدەكاتەوە
  2020-06-25       1627       

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ئەو هەواڵەی باس لەوە دەكات كە گوایە پارتی 20 ملیۆن دۆلار قەرز بۆ بزوتنەوەكەیان دەداتەوە، "جگە لە بوختان و چەواشەكاری هیچی تر نییە"و بۆیە ناچارن لەپێناو دەركەوتنی راستییەكان سكاڵای یاسایی بەرامبەر "ئەو بوختان و زانیارییە چەواشەكارییانە" تۆماربكەن.

ئاوێنە: ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكی نوسراودا رایگەیاند"ئەمڕۆ پێنجشەمە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠) رۆژنامەنوس هێمن مامەند زانیارییەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردۆتەوە، کە گوایە پارتی 20 ملیۆن دۆلار قەرزی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە."

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی كردۆتەوە كە "سەرتاپای زانیارییەکە ناڕاستەو جگە لە بوختان و چەواشەکاری هیچی تر نییە."

ئەو رۆژنامەنوس، هێمای بۆ ئەوە كردبوە كە پارتی "لەبەرامبەر نەكشانەوەی گۆڕان لەحكومەتدا" ئەو كارە بۆ گۆڕان دەكات بەڵام "لەئێستادا پارتی دەیەوێت بزانێ قەرزەكانی گۆڕان هی چین و بۆچی قەرزی كردون."

بەڵام ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی"بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو هەنگاونان بەرەو چاکسازی راستەقینە بەشداری ئەم کابینەیەی حکومەتی کردوە. مانەوەو نەمانەوەی تەنها بەندە بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەوە."

هەروەها وتوشیەتی"بەهۆی بەردەوامی هێرشە ناڕەواکان کە دیارە بەمەبەستی سیاسیی ئاڕاستە دەکرێن و لەپێناو دەرکەوتنی راستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان، ناچارین لە هەفتەی داهاتوەوە لە رێی ژوری یاساییەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو بوختان و زانیارییە چەواشەکاریانە تۆمار بکەین. هیوادارین لەچوارچێوەی رێزگرتن لە ئازادییەکان و راستگۆیی کاری میدیایی، ئەو بەڕێزانە بەڵگەکانیان بخەنە بەردەم دادگاکان."

دەقی لێدوانەكە...

لێدوانێک لە ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

ئەمڕۆ پێنجشەمە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠) رۆژنامەنوس هێمن مامەند زانیارییەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردۆتەوە، کە گوایە پارتی 20 ملیۆن دۆلار قەرزی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە.

لەو بارەیەوە، پێویستە بڵێین:

یەکەم: سەرتاپای زانیارییەکە ناڕاستەو جگە لە بوختان و چەواشەکاری هیچی تر نییە.

دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو هەنگاونان بەرەو چاکسازی راستەقینە بەشداری ئەم کابینەیەی حکومەتی کردوە. مانەوەو نەمانەوەی تەنها بەندە بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەوە.

سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام قەڵایەکی پۆڵایین بوەو دەبێت بۆ داکۆکیکردن لەئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنوسی، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هێرشە ناڕەواکان کە دیارە بەمەبەستی سیاسیی ئاڕاستە دەکرێن و لەپێناو دەرکەوتنی راستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان، ناچارین لە هەفتەی داهاتوەوە لە رێی ژوری یاساییەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو بوختان و زانیارییە چەواشەکاریانە تۆمار بکەین. هیوادارین لەچوارچێوەی رێزگرتن لە ئازادییەکان و راستگۆیی کاری میدیایی، ئەو بەڕێزانە بەڵگەکانیان بخەنە بەردەم دادگاکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×