رۆیتەرز زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی پادشای سعودیە بڵاودەکاتەوە
  2020-07-22       541       
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە، پاش ئەوەی كە دوێنێ بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی رەوانەی نەخۆشخانە كرا، ئەمڕۆ دۆخی تەندروستی جێگیرە، بەپێی وتەی سەرچاوەكان چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەلمان بن عەبدولعەزیز نەخۆشخانە جێبهێڵێت.

ئاوێنە: ئەوەش لە كاتێكدایە، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، بەهۆی نەخۆشكەوتنی پادشای سعودیە، سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ ریاز دواخراوە و ئەوەشی خستەڕوو، كە بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق بڕیار درا سەردانەكە بۆ كاتێكی تر دوابخرێت.

شایەنی باسە ، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی سعودیە بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و ناوچەکە تاوتوێ بکات، بەڵام سەردانەکەی بەهۆی نەخۆشکەوتنی شای سعودیە، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

شا سەلمان تەمەنی ٨٤ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٥وە حوکمی سعودیە دەکات. پێش ئەوەی ببێتە شای سعودیە، ماوەی دوو ساڵ و نیو شازادەی جێنشین و جێگری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بووە. هەروەها وەکو پارێزگاری هەرێمی ریاز بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ خزمەتی کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×