کۆمپانیای مایکرۆسۆف لە هەوڵی کرینی تیک تۆک دایە
  2020-08-01       902       
نیویۆرک تایمز رایگەیاند، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە کۆمپانیایەکی بەناوبانگی تەکنەلۆجی ئەمریکییە لەگەڵ کۆمپانیای “بایت دانس”ی چینی لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیۆرک تایمز ئاماژە بەوە دراوە کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەگەڵ کۆمپانیای “بایت دانس”ی چینی لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکراوە کە گفتوگۆکان لە چ قۆناغێکدان.

هاوکات لە هەواڵەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەم گفتوگۆیانە دوای لێدوانەکەی تڕەمپ لە بارەی قەدەغە کردنی تیک تۆک لە ئەمریکا هاتوونەتە ناو رۆژەڤ.

پێشتریش لە سەرەتای مانگی تەممووزدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ رایگەیاندبوو پلانیان هەیە بۆ قەدەغە کردنی تیک تۆک و ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی بنکەی سەرەکییان لە وڵاتی چین-ە.

هەروەها لە بارەی مشتومڕەکانی قەدەغە کردنی تیک تۆک تڕەمپ ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە بیر لەوە دەکەنەوە بڕیارنامەیەک لەو بارەیەوە واژوو بکەن.

لە لایەکە دیکەشەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤین منوچین ئەوەی خستبووەڕوو کە لە بارەی تیک تۆک هەڵسەنگاندن دەکەن، چەند بژاردەیەکیان لەبەردەستدایە و پێشنیازێک لەو بارەیەوە پێشکەش دەکەن.

جێی ئاماژەیە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لە جیهاندا نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە زانیاری بەکارهێنەرەکانی دەداتە حکوومەتی چین. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە تیک تۆک هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دروست کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×