ئێران دەڵێت: "سەركردەی گروپێكی تیرۆریستی"یان دەستگیركردوە كە بارەگاكەی لە ئەمریكایە
  2020-08-01       563       
جەمشید شارمەهد، سەرۆكی "رادیۆ توندەر"ی سەربە "ئەنجومەنی پادشایەتی ئێران"

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، دەستگیركردنی سەرۆكی "رادیۆ توندەر"ی سەربە "ئەنجومەنی پادشایەتی ئێران"ی راگەیاند كە بە سەركردەی "گروپێكی تیرۆریستی" ناوی بردوەو بارەگاكەی لە ئەمریكایە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، میدیاكانی ئێران لە زاری وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئەو وڵاتەوە بڵاویان كردەوە كە "جەمشید شارمەهد"، "سەركردەی گروپی توندەر" لەلایەن هێزەكانیانەوە دەستگیركراوە.

جەمشید شارمەهد، سەرۆكی "رادیۆ توندەر"ە، رادیۆ "توندەر" ناوی میدیای سەربە "ئەنجومەنی پادشایەتی ئێران"ە كە بارەگای سەرەكی لە شاری لۆس ئەنجلوس، ناوەندی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكایە.

وەزارەتی ئیتڵاعات "گروپی توندەر"ی بە "گروپێكی تیرۆریستی" ناوبردوەو سەرۆكەكەی تۆمەتبار كردوە بەوەی "لە ئەمریكاوە سەرپەرشتی چەند چالاكییەكی چەكداریی و تێكدەرانەی لە ئێران كردوە."

میدیای "توندەر" دروشمی "مەرگ بۆ كۆماری ئیسلامی" بەرز كردۆتەوەو داوای خەبات دژبە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێراندا هیچ زانیارییەك سەبارەت بە شوێنی دەستگیركردنی سەرۆكی ئەو گروپە نەخراوەتەڕو تەنیا وتویەتی"لە چالاكییەكی ئاڵۆزدا" كەوتۆتە دەست هێزەكانیان.

نزیكەی 15 ساڵیشە، فەتحوڵا مەنوچەهری، سەرۆكی ئەنجومەنی پادشایەتی ئێران، لە توركیا بێسەرو شوێن بوە. ئەو لەگەڵ دو كەسی دیكەدا نزیكەی 15 ساڵ لەمەوبەر لە پارێزگای هەركاری لە توركیا بێسەروشوێن بون.

كوڕەكەی مەنوچەهری پێی وایە باوكی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە رفێندراوە بەڵام میدیاكانی ئێران دەڵێن: ناوبراو چۆتە ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەش هێشتا چارەنوسی نادیارە.

كۆماری ئیسلامی ئێران، "ئەنجومەنی پادشایەتی ئێران" بە بەرپرسی تەقینەوەی حسێنیەی شاری شیراز لە ساڵی 2008 دەزانن كە تێیدا 14 كەس كوژران.

لە خۆپیشاندانەكانی دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2009ی ئێرانیشەوە، دەوڵەتی ئێران تۆمەتی زۆر جددی داوەتە پاڵ ئەو گروپە.

لە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی روداوی خۆپیشاندانەكانی ئەو ساڵەدا، ئارش رەحمانی پور و محەمەدرەزا عەلی زەمانی، بەتۆمەتی پەیوەندییان بەو گروپەوە دەستگیركران و دواتر لەسێدارەدران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×