حكومەتی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكەی بەیروتی ئاشكراكرد
  2020-08-05       684       

وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند: ژمارەی ئەوانەی لە تەقینەوەكەی دوێنێی بەندەری بەیروتدا گیانیانلەدەستداوە گەیشتۆتە 135 كەس و نزیكەی پێنج هەزار كەسیش برینداربون و بە دەیان كەسیش بێسەروشوێنن.

ئاوێنە: حەمەد حەسەن، وەزیری تەندروستی لوبنان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێترین ئاماری قوربانیانی تەقینەوە گەورەكەی دوێنێی بەندەری بەیروتی ئاشكرایكرد كە قوربانییەكی زۆری گیانی و زیانێكی گەورەی ماددی لێكەوتۆتەوە.

حەمەد حەسەن ئاشكرایكرد كە ژمارەی ئەوانەی لە تەقینەوەكەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 135 كەس و بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی بەشێك لە بریندارەكانەوە چاوەڕێ دەكەن ژمارەكە بەرزتر ببێتەوە.

ئەوەشی خستەڕو كە تاوەكو ئێستا 80 هاوڵاتیش بەهۆی تەقینەوەكەوە چارەنوسیان نادیارەو نەدۆزراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە بەشێكی زۆری بریندارەكان هێشتا چارەسەریان وەرنەگرتوەو هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە ئێستادا خەریكی ئامادەكردنی شەش نەخۆشخانەی مەیدانین بۆ پێشوازیكردن لەو بریندارانە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان بڕیاریداوە هەمو ئەو بەرپرسانەی پەیوەندیداران بە پرسی تەقینەوەكەوە لە ماڵەكانیاندا دەستبەسەربكرێن تا ئەو كاتەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرادەبن.

حكومەتی لوبنان ئاماژەی بەوەداوە كە لێكۆڵینەوەكان ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنن.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×