2019-04-14   3270     
ئا: بارام سوبحی
"راپۆرته‌كان له‌عێراقه‌وه زۆرباش ده‌هاتن.. ئێمه ده‌مانزانی كه شتێكی سامناك روده‌دات‌و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید سه‌رپه‌رشتی كوشتاره‌كه ده‌كات، وێنه‌ی سه‌ته‌لایتمان هه‌بو كه نیشانیده‌دا چۆن گونده‌كان كاول ده‌كرێن". ئه‌مه وته‌ی به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه.
كتێبی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال له‌به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی ئه‌مریكادا، له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر مایكڵ كیلی ئاماده‌كراوه، وریا ره‌حمانی وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی‌و له‌دو توێی (430) لاپه‌ڕه‌دا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر چاپكراوه.
له‌م كتێبه‌دا، نوسه‌ر به‌پشت به‌ستن به‌به‌ڵگه‌نامه‌و لێدوانه فه‌رمیه‌كان، به‌وردی هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی ئه‌مریكای له‌سه‌ر هه‌ر سێ ئاستی: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجومه‌نی پیران، له‌باره‌ی تاوانه‌كانی ئه‌نفال‌و هه‌ڵه‌بجه بڵاوكردۆته‌وه. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك لێدوانی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید "عه‌لی كیمیایی" به‌رپرسی شاڵاوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالی تیایه، كه باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی كاسێته‌وه ده‌ستیكه‌وتون‌و ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كردون. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی باس له‌لێدوان‌و هه‌وڵه‌كانی به‌رپرسانی به‌ره‌ی كوردستانی ئه‌وكات ده‌كات، بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی رۆژئاوا‌و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی له‌هه‌مبه‌ر پرسی كۆمه‌ڵكوژی كوردان.
عه‌لی كیمیایی له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی كوردستان له (15/4/1988) ده‌ڵێت: هاوینی ساڵی داهاتو نابێت هیچ گوندێك مابێته‌وه.. ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه كارنه‌كه‌ین چالاكی تێكده‌ران تا ملیۆنێك ساڵی دیكه كۆتایی پێنایه‌ت". هه‌روه‌ها له‌كۆبونه‌وه‌ی نوسینگه‌ی باكور له (21/1/1989) ده‌ڵێت: باشه ده‌كرا من ئه‌مانه هه‌روا به‌سه‌لامه‌تی بهێڵمه‌وه.. نه‌خێر به بلدۆزه‌ر ده‌یانكه‌م به‌ژێر خاكه‌وه. ئه‌ی من ئه‌م خه‌ڵكه له ژماره نه‌هاتوه له‌كوێ دابنێم؟ بۆیه كه‌وتمه دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر پارێزگاكاندا. ئه‌وكاته‌ش ده‌بو بلدۆزره‌كان به‌ملاولادا بڵاوه پێبكه‌م".
له‌به‌شێكی كتێبه‌كه‌دا، نوسه‌ر باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق‌و ئه‌مریكا ده‌كات، رونیده‌كاته‌وه ئه‌مریكا له‌ساڵی (1983) ناوی عێراقی له‌لیستی ده‌وڵه‌تانی پشتیوانی تیرۆریزم ده‌رهێنا‌و هاوپه‌یمانه‌كانی خۆیشی هاندا چه‌ك‌و چۆڵ به‌عێراق بفرۆشن. پاشان له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می (1984) باڵێوزخانه‌ی له‌به‌غدا كرده‌وه.
له‌م قۆناغه‌دا كه گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ئێران – عێراق بوه، ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌وه‌دا بینیوه‌ته‌وه كه هاوسه‌نگی هێز به‌قازانجی عێراق بشكێته‌وه، بۆیه "سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا بڕیاریدا هه‌مو رێوشوێنێكی پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی عێراق شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ئێران نه‌دۆڕێنێ‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مریكاش هاوكاری عێراق بكه‌ن".
جۆرج شۆڵتز كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بوه ده‌ڵێت: ماوه‌ی (12- 18) مانگ له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانه‌وه، من‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پاكانه‌مان بۆ رژێمی سه‌دام ده‌كرد، ئه‌و پاكانه‌یه له‌به‌رئه‌وه نه‌بو كه عێراق ده‌یه‌وێت چاك بێت‌و ریفۆرم بكات، چونكه عێراق هه‌رگیز ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌دابو، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌بو كه عێراق له‌راگرتنی هاوسه‌نگی هێز له‌كه‌نداو ده‌ورێكی سودمه‌ندی ده‌بینی".
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی كتێبه‌كه، له‌ساڵی (1988) ئیداره‌ی ره‌یگان یه‌ك بلیۆن دۆلاری وه‌كو قه‌رز به‌عێراق به‌خشیوه. دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی ساڵی (1989) جورج بوشی باوك بوه‌ته سه‌رۆكی ئه‌مریكا، تیمێكی بۆ پێداچونه‌وه به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پێكهێناوه، تیمه‌كه به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوه عێراق هاوپه‌یمانێكی زۆر كاریگه‌ری ئه‌مریكایه، بۆیه ئیداره‌ی نوێ بڕیاریداوه په‌ره به‌په‌یوه‌ندییه بازرگانیه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراقدا بدات.
نوسه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات له‌مانگی نیسانی (1990) وه‌فدێكی كۆنگرێس سه‌ردانی عێراقیان كرد‌و چاویان به‌سه‌دام كه‌وت، وه‌فده‌كه سه‌دامیان دڵنیاكرده‌وه كه سه‌رۆك بۆش هه‌مو یاسایه‌ك ڤیتۆ ده‌كات كه كۆنگرێس بۆ ئابڵوقه‌دانی عێراق په‌سه‌ندی بكات. وه‌فده‌كه‌ی كۆنگرێس زۆر به‌شان‌و باڵی سه‌دامدا هه‌ڵیاندا، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك كه ده‌توانێت وڵاته‌كه‌ی خۆشبه‌خت بكات‌و ئه‌مریكا ده‌توانێت كاری له‌گه‌ڵ بكات.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، نوسه‌ر باس له‌كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و كاردانه‌وه‌ی میدیا‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكی ده‌كات، دواتر دێته سه‌ر باسی پرۆسه‌ی روخاندنی گونده‌كانی كوردستان له‌ساڵی (1987)و شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌ساڵی (1988)دا.
په‌یوه‌ند به‌پرۆسه‌ی ئه‌نفال‌و كاولكردنی گونده‌كانی كوردستان، له‌كتێبه‌كه‌دا ده‌یان بروسكه‌ی باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ باڵێوزخانه بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌یه‌كێك له‌و بروسكانه‌دا كه مێژوه‌كه‌ی بۆ مانگی گوڵانی (1987) ده‌گه‌ڕێته‌وه، باڵێوزخانه‌كه به‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه راده‌گه‌یه‌نێت كه "ده‌وڵه‌تی عێراق شاڵاوێكی دڕندانه‌ی دژی كورده‌كان ده‌ستپێكردوه بۆ كاولكردن‌و چۆڵكردنی گونده‌كان، چه‌كی كیمیایی دژی گوندنشینه كورده‌كان به‌كارده‌هێنێت". له بروسكه‌یه‌كی دیكه‌دا، باڵێوزخانه ده‌ڵێت "راپۆرته جۆراوجۆره‌كان نیشانیده‌دات كه هه‌ندێ له‌كورده‌كان نێردراون بۆ بیابانی عه‌رعه‌ر له‌سه‌ر سنوری عه‌ره‌بستانی سعودی".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، لاری پۆپ كه سه‌رپه‌رشتیاری نوسینگه‌ی كاروباری ئێران – عێراق له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بوه ده‌ڵێت: راپۆرته‌كان له‌عێراقه‌وه زۆرباش ده‌هاتن. هه‌ندێكجار راپۆرته‌كان به‌ماوه‌ی دو هه‌فته دواده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێمه ده‌مانزانی كه شتێكی سامناك روده‌دات. ده‌مانزانی كه عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید سه‌رپه‌رشتی كوشتاره‌كه ده‌كات، وێنه‌ی سه‌ته‌لایتمان هه‌بو كه نیشانیده‌دا چۆن گونده‌كان كاول ده‌كرێن.
له لێدوانێكدا، ده‌یڤد نیۆتۆن كه ئه‌وكات باڵێوزی ئه‌مریكا بوه له‌عێراق، ئاشكرای ده‌كات واشنتۆن باش ئاگاداری شاڵاوه‌كه بوه‌و ده‌ڵێت: رون‌و ئاشكرابو كه عێراق گوندنشینه كورده‌كانی كردبوه ئامانج، به‌ئاشكرا كێڵگه‌و مه‌رزاكانی ده‌سوتاند. به‌هه‌رحاڵ من نایه‌ته‌وه بیرم كه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی عێراق باس كردبێت، چونكه هیچ بیانویه‌كمان به‌ده‌سته‌وه نه‌بو. به‌رپرسێكی دیكه‌ی باڵێوزخانه‌كه، به‌ناوی خاتون گلاسپی ده‌ڵێت "هه‌رچه‌نده كه خه‌ڵك به‌گشتی ئاگاداری راستیه‌كان له‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه نییه، به‌ڵام ئێمه باش ئاگادارین‌و ده‌بێ له‌به‌رچاوی بگرین".
له‌بروسكه‌یه‌كدا كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌باڵێوزخانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كردوه، له‌مانگی گوڵانی ساڵی (1989)دا هاتوه: سه‌دام زیاتر له‌هه‌زار گوندی كاول كردوه‌و (400 - 500) هه‌زار كه‌س له‌و كه‌سانه‌ی راگوازتوه كه به‌لایه‌نگری بزوتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی كوردیان ده‌زانێت.
بۆ یه‌كه‌مجار ناوی ئه‌نفال له‌لایه‌ن جه‌یمز رۆبینی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له (16/ئازار/2000) به‌كارهات، كاتێك له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵه‌بجه‌وه وتی: به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چاودێره نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هێزه‌كانی عێراق په‌نجا تا سه‌دهه‌زار كه‌سیان له‌شاڵاوی (ئه‌لئه‌نفال) له‌ساڵی (1988) كوشتوه.
له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌نفاله‌وه، ئه‌ندامانی كۆنگرێس‌و ئه‌نجومه‌نی پیران‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ژماره‌ی جیاوازیان راگه‌یاندوه به‌جۆرێك هه‌ندێكیان ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌نفالیان به‌بیست هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندوه، هه‌ندێكی دیكه‌شیان به‌نزیكه‌ی نیو ملیۆن كه‌س.
سیناتۆر پێڵ له‌وته‌یه‌كدا له‌ئه‌نجومه‌نی پیران له(14/3/1996) ده‌ڵێت: له‌شاڵاوی ناسراو به‌ئه‌نفال له‌ساڵی (1988) به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان نزیكه‌ی (150) هه‌زار كورد بێسه‌روشوێن كران‌و له‌ناوبران. كۆنگرێسمه‌ن گیلمان له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له(26/ئادار/1996) رایگه‌یاند زیاتر له(182) هه‌زار كوردی عێراق له‌سه‌روبه‌ندی شاڵاوی ئه‌نفال له(1988) كوژراون.
له‌كۆبونه‌وه‌ی رۆژی (24/3/1999)دا كۆنگرێسمه‌ن ستێنی هۆێیه‌ر ده‌ڵێت: له‌ئه‌نجامی شاڵاوی دڕندانه‌ی ئه‌نفالدا به‌گشتی (4500) گوندی كوردنشین كاول بون‌و (500) هه‌زار كورد گیانیان له‌ده‌ستدا‌و پتر له (200) هه‌زار كورد بێسه‌روشوێن كران‌و (500) هه‌زار كوردی دیكه له‌ناوخۆی عێراقدا ئاواره‌بون. كه‌مترین ژماره‌ش له‌باره‌ی قوربانیانی ئه‌نفاله‌وه، ئه‌و ژماره‌یه بو كه كۆنگرێسمه‌ن لانتۆس له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌رۆژی (16/3/2005) رایگه‌یاندو وتی: له‌ئه‌نجامی شاڵاوی دزێو و به‌رفراوانی ئه‌نفال سه‌دان گوندی كوردنشین خاپوركران‌و بیست هه‌زار كورد كوژران.
ده‌رباره‌ی كاردانه‌وه‌ی میدیای ئه‌مریكی له‌هه‌مبه‌ر شاڵاوی ئه‌نفالدا، نوسه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات میدیای ئه‌مریكی وه‌كو پێویست به‌دوای دۆزی ئه‌نفالدا نه‌چوه، چونكه چونه ناو عێراق كارێكی ئاسان نه‌بوه‌و رۆژنامه‌نوسه‌كان له‌ژێر چاودێری هه‌واڵگری عێراقدا بون‌و به‌تایبه‌ت رێگه‌یان پێنه‌ده‌درا سه‌ردانی ناوچه كوردنشینه‌كان بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنانه‌شدا، به‌ڵام دو رۆژ پاش ده‌ست پێكردنی قۆناغی كۆتایی ئه‌نفال له‌ناوچه‌ی بادینان، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له‌راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه كه رژێمی عێراق له‌كۆتایی مانگی ته‌موز نزیكه‌ی بیست هه‌زار سه‌ربازی تایبه‌تی ناردوه بۆ باكور، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه به‌وه‌ی عێراق ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌كێشه‌ی كورد بهێنێت.
رۆژنامه‌نوس ویلیه‌م سافایێر رۆژی (5/ئه‌یلول/ 1988) له رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز وتارێكی به‌ناونیشانی: كۆمه‌ڵكوژی كورده‌كان به‌ده‌ستی عێراق رابوه‌ستێنن، بڵاوكرده‌وه، له‌وتاره‌كه‌دا هاتبو "ئه‌مه نمونه‌یه‌كی كلاسیكی جینۆسایده كه له‌سه‌روبه‌ندی جێبه‌جێكردندایه‌و جیهانیش هیچ ناڵێت.. ئه‌مڕۆ سێ كه‌س له‌جیهاندا هه‌ن كه ده‌توانن رێژه‌ی دانیشتوانی جیهان كه‌مبكه‌نه‌وه: ئیدی ئه‌مین له‌ئه‌فریقا، پۆڵپۆت له‌ئاسیاو سه‌دام حوسه‌ین له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
سێ رۆژ دوای ئه‌و وتاره، رۆژنامه‌نوس جیم هۆگلاند له‌رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست وتارێكی نوسی به‌ناونیشانی "به‌هه‌ڵه‌دا مه‌چن، ئه‌مه جینۆسایده"، دوای ئه‌م وتارانه بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكاو به‌تایبه‌ت هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیرانی به‌ره‌و لای جینۆسایدی كورد راكێشا‌و هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیران مه‌سه‌له‌كه‌یان وروژاند.
ئه‌نجومه‌نی پیران له(17/9) گه‌ڵاڵه‌یاسایه‌كی په‌سه‌ندكرد بۆ سه‌پاندنی ئابڵوقه‌ی ئابوری به‌سه‌ر عێراقدا، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌سبه‌جێ ره‌تیكرده‌وه، به‌بیانوی زیانگه‌یاندن به‌په‌یوه‌ندییه سیاسی‌و ئابورییه‌كانی نێوان به‌غداو واشنتۆن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، به‌پشت به‌ستن به‌لێدوانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و پیران، نوسه‌ر به‌راوردێك له‌نێوان كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا له‌سه‌روه‌ختی ئه‌نفال‌و روخانی رژێمی به‌عس له‌ساڵی (2003) ده‌كات. به‌جۆرێك ژماره‌یه‌ك له‌و به‌رپرسانه‌ی بێده‌نگیان له‌پرسی ئه‌نفال له‌ده‌می سه‌رۆكایه‌تی جۆرج بوشی باوكدا هه‌ڵبژارد، له‌سه‌رده‌می بوشی كوڕدا بونه‌وه به‌رپرس‌و كه‌وتونه‌ته وێزه‌ی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام‌و تاوانه‌كانی ئه‌نفال‌و كیمیابارانیان وه‌كو چه‌كێك له‌دژی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام به‌كارهێنا.
له‌نمونه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش: كۆڵن پاوڵ له‌كانونی یه‌كه‌می (1987) تا كانونی دوه‌می (1989) راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی رۆناڵد ره‌یگان بو، له (1989) تا (1993) سه‌رۆكی ستادی هێزه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكا بو، له (2003) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بو. هه‌روه‌ها پۆڵ ۆڵفۆێتز له (1983 - 1993) جێگری وه‌زیری به‌رگری بو بۆ كاروباری سیاسی‌و له (2003) جێگری وه‌زیری به‌رگری بو. كۆندۆلیزا رایس له (1989 - 1993) به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا بو، له (2003) بوه راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی. دیك چینی كه له (2003) جێگری سه‌رۆك كۆمار بو، له‌ساڵی (1988) سه‌رۆكی فراكسیۆنی زۆرینه‌ی كۆماریخوازه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بو، له (1989 - 1993) وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا بو.