ترەمپ: لەماوەی سێ ساڵدا لە عێراق دەكشێینەوە
  2020-08-20       606       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا جەخت لە پابەندبونی وڵاتەكەی بە چونەدەرەوەی خێرای هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەماوەی سێ ساڵدا لە عێراق دەكاتەوەو دەشڵێت: مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كەسێك كە زۆر لەگەڵی دەگونجێم.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراق، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەركەوتو بوە لە رازیكردنی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە عێراق و هەروەها واشنتۆن و بەغدا رێككەوتون لەسەر پێكهێنانی تیمێكی تایبەت بۆ تاوتوێكردنی میكانیزم و كاتی جێگركردنی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لە دەرەوەی عێراق.

بەپێی ئاژانسەكە عێراق و ئەمریكا جەختیان لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق كردۆتەوە لەسەر بنەمای بڕیارەكانی هەردو دەسەڵاتی تەشریعی و دەسەڵاتی جێبەجێكردنی عێراق.

سەبارەت بەو رێككەوتنە، دۆناڵد ترەمپ، وتویەتی"بەشێكی زۆری هێزەكانمان لە عێراق كشاندونەتەوەو تەنیا ژمارەیەكی زۆر كەم سەربازمان ماونەتەوە."و جەختیشی لە پابەندبونی وڵاتەكەی بە چونەدەرەوەی خێرایی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی سێ ساڵدا لە عێراق كردۆتەوە.

ترەمپ دوپاتیشیكردۆتەوە كە پابەند دەبێت لەسەر پەیوەندییەكی هاریكارانەو دۆستانەو بەرهەمدار لەگەڵ عێراق.

سەبارەت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ترەمپ وتویەتی"كازمی پیاوێكە زۆر لەگەڵی دەگونجێم."

هەروەك بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، واشنتۆن پشتیوانی خۆی بۆ پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەربڕیوەو جەختیشی لە پشتیوانی پلانەكانی كازمی بۆ چاكسازی ئابوریی عێراق و هەروەها هاوكاریكردنی كردۆتەوە بۆ دەرچون لەو قەیرانەی ئێستای عێراق كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا تێیكەوتوە.

هەروەك ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە كە سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا، ئیمزاكردنی ژمارەیەك رێككەوتنی لەبواری وزە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی لێكەوتۆتەوە كە ئەوەش هاوكار دەبێت لە زیادكردنی بەرههێنانی كارەباو غاز لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و كەمكردنەوەی بەهەدەرچونی غاز.

هەروەها حكومەتی عێراق و ئەمریكا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكردوە بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی تەندروستی عێراق و زیادكردنی هەماهەنگییەكان لەهەردو بواری ژینگەو ئاودا.

لەچوارچێوەی روبەڕوبونەوەی تیرۆریشدا هەردو وڵات جەختیان لەسەر پێویستی هاریكاری و هەماهەنگی ئەمنی بەردەوام لەنێوان هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردۆتەوە بۆ شكستپێهێنانی داعش و سەرنجخستنەسەر مەشق و پڕچەككردن و پشتیوانی هێزە عێراقییەكان و پێویستی پاراستنی ئەندامانی هێزەكانی هاوپەیمانان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكانی وڵاتان لەعێراق.

هەروەك هەردولا رێككەوتون لەسەر پێویستی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان لە بواری خوێندنی باڵاو پشتیوانی لە شەراكەتی نێوان زانكۆ عێراق و ئەمریكییەكان و پاراستنی سەرمایەی كولتوری و مێژویی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×