تەندروستی دهۆك رونكردنەوە لەبارەی بەكارهێنانی دەرزییەك بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا دەدا
  2020-09-20       372       

تەندروستی دهۆك رونكردنەوە لەسەر بەكارهێنانی دەرزییەك بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا دەدات كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی ئەوە كرابو ئەو دەرزییە دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشانی ڤایرۆسەكە، بەڵام تەندروستی دهۆك ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە كراوە كە دەرزییەك بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا لە دهۆك بەكاردەهێنرێت كە نەخۆشەكانی پێ دەمرن.

تەندروستی دهۆك وتویەتی: چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا لای ئێمە لەسەر بنەمای رێكارە جیهانییەكانی چارەسەركردنی نەخۆشییەكەیەو هیچ دەرمانێك لە دەرەوەی ئەو رێكارانە بەكارناهێنرێت.

ئاشكراشیكردوە، ئەو دەرزییەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس كراوە، دەرزی دیكسامیتازۆنە كە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە پەسەندكردنی لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە، بۆ هەندێك لەو نەخۆشانەی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت كە لە دۆخێكی خراپدان و دەبێتە هۆی باشتركردنی دۆخی نەخۆشەكە.

تەندروستی دهۆك، هەر لە رونكردنەوەكەیدا ئەوەشی خستۆتەڕو كە رێژەی مردن بە كۆرۆنا لە پارێزگاكەیان نزیكەی لەسەدا 1.7ە كە ئەوەش كەمترە لە رێژەی ئامارە جیهانییەكان كە لەسەدا 3یە.

لەكۆتاییشدا هیوای خواستوە "زانیارییە نازانستییەكان كاریگەریان لەسەر خەڵك نەبێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×