ترەمپ: هەڵبژاردنی 2020ی ئەمریکا لەهەڵبژاردنه‌كانی وڵاتانی جیهانی سێیەم خراپتربوە
  2021-01-06       512       
دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئەمریکا جارێکی دیکە بەتوندی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەی رەتده‌کاتەوەو پرۆسەی هەڵبژاردنی‌ 2020ی‌ وڵاتەکەی بەخراپتر لەهەڵبژاردنه‌كانی‌ وڵاتانی جیهانی سێیەم وه‌سفده‌كات.

ئاوێنه‌: پاش ئه‌وه‌ی‌ دیموکراتەکان هەردو کورسییەکەی ویلایەتی جۆرجیایان لەئەنجومەنی پیران بردەوەو زۆرینەی ئەنجومەنەکەیان کەوتەدەست‌و ژمارەی کورسییەکانیان لە 48 کورسییەوە بو بە 50 کورسی، دۆناڵد ترەمپ لەزنجیرەیەک تویتدا داوا لەکۆمارییەکان كرد كه‌ لەئەنجومەنی پیران سەرکەوتنی بایدن رەتبکەنەوە.

لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دۆناڵد ترەمپ نوسیویه‌تی‌، شەوی رابردو  50 هەزار سندوقی دیکەی هەڵبژاردن دۆزراونەتەوە کە هەژمارنەکراون، ئەوەش شەرمەزارییە بۆ دیموکراسی ئەمریکا.

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، هەڵبژاردنی 2020ی وڵاتەکەی لەهەڵبژاردنی وڵاتانی جیهانی سێیەم خراپتربوە، بۆیە ویلایەتەکان داوای هەڵبژاردنی دیکە دەکەن، چونکە تێگەیشتون ساختەکاریی بەدەنگەکانیانەوە کراوە، یاسا سەروەرنیەو کاری خۆی نەکردوە.

پاش له‌ده‌ستدانی‌ دو کورسییەکەی ویلایەتی جۆرجیای ئەنجومەنی پیران له‌لایه‌ن كۆمارییه‌كانه‌وه‌، ئەمڕۆ لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لەویلایەتی جۆرجیا رژانەتە سەرشەقامەکان‌و ناڕه‌زایی دژی‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌رده‌بڕن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×