خامەنەیی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا لە ئەمریكاو بەریتانیا قەدەغەدەكات
  2021-01-08       449       

ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، هاوردەكردن و كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنای لە ئەمریكاو بەریتانیاوە لەلایەن حكومەتی وڵاتەكەیەوە قەدەغەكرد.

ئاوێنە: خامەنەیی لە وتەیەكی تەلەفزیۆنی راستەوخۆدا رایگەیاند، هاوردەكردنی ڤاكسینەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ وڵات قەدەغەیەو جەختیشی كردەوە "ئەمەم پێشتر بە بەرپرسانی وڵات وتوەو ئێستاش بەئاشكرا دەیڵێم."

خامەنەیی وێڕای ستایشكردنی ئەو هەوڵە تاقیگەییانەی بۆ دروستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی هەن، رایگەیاند"ئەگەر ئەمریكییەكان بیانتوانیایە ڤاكسین بەرهەمبهێنن، دۆخی كۆرۆنا لەوڵاتەكەیاندا بەو جۆرەی ئێستا نەدەبو كە دۆخێكی تەواو شكستحواردوە."

تاوەكو ئێستا چەندین ڤاكسینی كۆرۆنا لە وڵاتانی جیاجیا بەرهەمهێنراون و لەلایەن وڵاتەكانیانەوە پەسەندكراون. بەڵام لەنێو هەمویاندا تا ئێستا بەرهەمەكەی ڤایزەرو بۆینتێك لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پەسەندكراوە.

كۆمپانیای فوسان فارمای چینی یەكێكە لەو كۆمپانیایەی ڤاكسینی كۆرۆنای بەرهەمهێناوەو دەستی بە دابەشكردن و فرۆشتنی كردوە.

لە كاتێكدا كە حكومەتی ئێران لە هەوڵدایە كە لە مانگەكانی داهاتودا دەست بە كوتانی گشتی ڤاكسینی كۆرۆنا بكات بە كڕینی 20 ملیۆن دۆز، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی حكومەتی ئێران جەخت لە دروستكردن و بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا لەنێوخۆی وڵات دەكەنەوە.

هاوكات بەشێك لە لایەنگرانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەتەواوەتی دژی بەكارهێنانی ڤاكسینن و بانگەشە بۆ بۆ گرتنەبەری رێكارەكانی "پزیشكیی نەریتی" دەكەن لەپێناو سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكەدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×