ئیمارات سەرجەم دەروازە سنورییەكانی بەڕوی قەتەردا دەكاتەوە
  2021-01-08       384       

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، سەرجەم دەروازە سنورییە زەمینی و دەریایی و ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی لە سبەی شەممەوە بەڕوی قەتەردا دەكاتەوە.

ئاوێنە: خالید عەبدوڵا بالهول، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، رایگەیاند، بەگوێرەی بەیاننامەی ئیمزاكراوی لوتكەی وڵاتانی كەنداو، وڵاتەكەی دەستدەكات بە كۆتاییهێنان بەو رێكارانەی دژ بە قەتەر گیرابونەبەر.

ئاماژەی بەوەشدا كە ئیمارات لە سبەی شەممەوە سەرجەم دەروازە سنورییە زەمینی و ئاوی و ئاسمانییەكانی بەڕوی جوڵەی هاتو و رۆیشتودا لەگەڵ قەتەر دەكاتەوەو فەرمان بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیش دراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكارانە.

جەختیشی كردەوە كە ئیمارات لەگەڵ قەتەر كاردەكات بۆ كۆتاییهێنان بە سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەكانی دیكەی نێوانیان ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆی دوقۆڵییەوە.

پێشتر سعودیەو قەتەر رێككەوتن لەسەر كردنەوەی سەرجەم دەروازە سنورییە زەمینی و ئاسمانی و دەریاییەكانی نێوانیان، لە رۆژی دوشەممەی رابردوەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردو، سەرانی وڵاتانی هاریكاریی كەنداو لە شاری "عولا"ی سعودیە، ئیمزایان لەسەر بەیاننامەی كۆتایی لوتكەی كەنداو كرد كە جەخت لە هاریكاریی و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی كەنداو دەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×