لە"عیسا سوار"ی باوكەوە تا "رزگار"ی كوڕ
  2021-01-08       6381       
عیسا سوارو مستەفا بارزانی لەیەکێتی سۆڤیەت - مەسرور بارزانی‌و رزگار عیسا سوار

ئا: ئاوێنە

"رزگار عیسا سوار"ی پەرلەمانتاری پارتی بەلێدانی پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌، هەرای نایەوە، سیپان ئامیدی دەڵێ‌ بە"بۆكس خەنجەر" لێیداوم‌و میدیاکانی پارتیش دەڵێن "رزگار بەپێڵاو یان بەمۆبایلە ئایفۆنەكەی بەسەری سیپانیدا کێشاوە"! ئەم روداوە رزگاری لەپەرلەمانتارێكی نادیارو نەناسراوەوە لەسەر ئاستی كوردستان كرد بەیەكێك لەپەرلەمانتارە ناسراوەكان، رزگار نەک هەر "یاریزانی كۆنفۆو خاوەنی پشتێنی رەشە"، بەڵکو هاوكات كوڕی یەكێك لەناودارترین فەرماندە سەربازییەكانی پارتی‌و بارزانیشە، كە وەك جەرجیس فەتحوڵا دەڵێت "عیسا سواری بابی لەكوشت‌وبڕو توندوتیژیدا بێ وێنە بوە".


عیسا سواری باوكی رزگاری پەرلەمانتار، کە خۆی سەر بەبنەماڵەیەکی مزوری "بارزانییە"، ساڵانێکی زۆر یەكێك بوە لەكۆڵەكەكانی دەسەڵاتی مەلا مستەفا بارزانی‌و پارتی. 


عیسا تەمەنی 17 ساڵ بوە كە بەشداری چەندین شەڕی لەشۆڕشی دوەمی بارزانیدا كردوە بەفەرماندەیی مەلا مستەفا، پاشان لەگەڵ بارزانی چوە بەهانای كۆماری مەهابادو دوای روخانی كۆماری مەهابادیش لەتەمەنی 20 ساڵیدا لەگەڵ بارزانی چوەتە یەكێتی سۆڤیەتی جاران‌و لەوێ‌ زمانی روسی خوێندوە.


عیسا سوار لەساڵی 1958دا لەگەڵ بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و بەردەوام لەمەلا مستەفاوە نزیک بوەو لەكۆتایی ساڵی 1959دا یەكێك بوە لەو چوار كەسەی بەفەرمانی بارزانی، "شێخ ئەحمەد زێباری"ی باوكی ئەرشەد زێباری سەرۆك عەشیرەتی ئێستای زێبارییەكان‌و پارێزگاری پێشوتری سلێمانی‌و وەزیری دەوڵەتی عێراقیان لەسەردەمی بەعسدا، لەموسڵ كوشت، لەسەر ئەم کوشتنە، عیسا بۆ ماوەیەك لەلایەن پۆلیسی عێراقەوە دەستگیر دەكرێ‌‌و پاشان هەڵدێ‌و دەگەڕێتەوە ناوچەی بارزان. 


مام جەلال لە"دیداری تەمەن"دا ئەم روداوی کوشتنە بەهۆكارێكی تێكچونی پەیوەندی نێوان بارزانی‌و عەبدولكەریم قاسم ناودەبات، كە بارزانی پێداگری لەسەر ئازادكردنی عیسا سوار كردوەو قاسمیش رازی نەبوەو توڕە بوە.


پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، عیسا سوار لەساڵی 1962دا بەفەرمانی بارزانی فەرماندەیی سنوری زاخۆی پێدەسپێردرێت‌و تا هەرەسهێنانی شۆڕش لە1975دا بەفەرماندەی ئەو سنورە دەمێنێتەوە. 


مەسعود بارزانی لەكتێبەكەیدا "بارزانی‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد" ئاماژە بەوە دەكات كە لەكاتی توندبونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی بەسەركردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ مستەفا بارزانیدا، كە سەركردەو كادێرانی باڵی مەكتەبی سیاسی لەماوەتەوە هەڕەشە لەبارزانی دەكەن، هێزێكی بارزانی بەفەرماندەیی عیسا سوار دەچێتە سەر ماوەت‌و پاش تەق‌و تۆقێكی كەم هەموو سەركردەو كادێرانی سەر بەباڵی مەكتەبی سیاسی بەرەو ئێران دەردەپەڕێنێت".


جەرجیس فەتحوڵا كە كەسایەتیەکی ئاشوری زۆر نزیك لەبارزانی بوە، لە"خوڵانەوە لەبازنەی بۆشدا" ئاماژە بەوە دەكات "ئەسعەد خۆشەوی‌و عیسا سوار" لەزۆردارە خوێنڕێژەكان بون لەناوچەی بادینان‌و لەباسی زۆرداریی عیسا سواریشدا دەگات بەوەی بڵێ‌ "نەفرەت لەگیانی بێ، لەدوای كارەساتی 1975 بەرەو ئێران بەڕێوە بو، كوشتیان‌و سزایان دا، ئەوی پێی بڵێ‌ شەهید نەفرەتی لێكراوە! ئەم پیاوە لەناوچەی زاخۆدا كە وەك رێگەیەكی نێودەوڵەتی وابو، حەشیشە، كۆكایین‌و هێرۆیینی دەرباز دەكرد، هەروەها ئەو 5 پێشمەرگەیەی كوژران ئەو بەرپرسیار بو، لەبەرئەوەی ئەوانە هەژار بون، نەیاندەزانی ئەو شتانەی بەپشتی یەستر دەیانگواستەوە باری هێرۆین‌و كۆكایین بو، بەڵكو وایاندەزانی كەرەسەی سەربازییە. حكومەتیش بەپێی یاسای خۆی گرتنی‌و لەگرتوخانەی موسڵ خنكاندنی". 


جەرجیس فەتحوڵا چیرۆكی خەمناكی بازگانێكی كوردی سوریا دەگێڕێتەوە كە لەڕێگەی زاخۆوە جگەرە دەهێنێ‌‌و كێبڕكێی بازرگانێك دەكات كاری بۆ عیسا سوار‌و ئەسعەد خۆشەوی كردوە، لەبەرئەوە عیسا سوار گرتویەتی‌و لەگرتوخانەی توند كردوە، كە حەوت منداڵی هەبوەو ماوەیەكی زۆر رۆژانە ژنەكەی بەخۆی‌و حەوت منداڵەكەیەوە هاتوەو پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ئازادی بکەن، بەڵام سوكایەتی پێكراوە.


جەرجیس فەتحوڵا دەڵێ‌ "دەسەڵاتی عیسا سوار گەیشتبوە ئەوەی كە تەنانەت مەلا مستەفاش پێیوتم: ناتوانم دەمەتەقێ‌ لەسەر ئەوە بكەم‌و لەوێ‌ دەریبكەم لەبەرئەوەی گەر دەری بكەم ئاژاوەیەكی تەواو لەو ناوچەیە دروست دەبێ‌. عیسا سوار دەسەڵاتی رەهای هەبو لەزاخۆو دهۆك‌و موسڵدا، لەسەر حسابی شۆڕش بەتەواوی دەوڵەمەند ببو".


روداوێكی دیكە كە پەیوەستە بەعیسا سوارەوەو زۆرجار شیوعییەكان لەقسەو باس‌و یاداشتەكانیاندا دەیگێڕنەوە، كوشتنی 11 كادێری حزبی شیوعی عێراقە، كە خوێندكار بون لەیەكێتی سۆڤیەت‌و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، لەكاتی گەڕانەوەیان لەساڵی 1973دا لەڕێگەی سوریاوە بۆ عێراق، عیسا سوار دەیانگرێت‌و دەیانكوژێت، تا ئێستاش كەس نازانێ‌ گۆڕەكانیان لەكوێیە.


یەكێك لەو سەركردە شیوعیانەی لەیاداشتەكانیدا ئاماژە بەم روداوە دەكات، "عەزیز شەریف"ە، كە ئاماژە بەوە دەكات هەرچەندە سەبارەت بەم روداوە سكاڵایان لای مستەفا بارزانی كردوە بەرامبەر بەعیسا سوار، بەلام بێسود بوە.


عەزیز شەریف دەڵێت "عیسا سوار یەكێك بو لەكۆڵەكەكانی دەسەڵاتی مەلا مستەفا بارزانی‌و ئەوەندە لەتوندوتیژی‌و بەكارهێنانی زەبروزەنگدا ناوی دەركرد بو كە زۆربەی خەڵكی لێیدەترسان، ئەو كە فەرماندەیی چەندین شەڕی دژ بەهێزەكانی حكومەتی كردبو، وا ناوبانگی دەركرد بو لەهێرشكردنە سەر رەبایەی حكومەتدا هەمو سەربازەكانی قەتل‌و عام دەكرد، تەنانەت بەوانەشەوە كە وەك دیل دەكەوتنە دەستی‌و خۆیان رادەست دەكرد، لەبەرئەوە ناوی "گورگ"یان لێنا بو". 


عیسا سوار پاش هەرەسهێنانی شۆڕش، رۆژی 20ی مارسی 1975 لەگەڵ دو پاسەوانی لەگوندێكی دەوربەری زاخۆ لەكاتێكدا دەیەوێت بەرەو سنوری ئێران بڕوات، دەكوژرێن.


رزگار، كە ئێستا پەرلەمانتاری پارتییە لەپەرلەمانی كوردستان، تەمەنی 5 ساڵان بوە كە عیسا سواری باوكی كوژراوە، ئەو پاش ئەوەی لەگەڵ خێزانەكەی بۆ ماوەیەك وەك پەنابەر لەئێران دەمێننەوە، پاشان رودەكەنە هۆڵەندا‌و لەزانكۆی رۆتەردام دەخوێنێ‌.


لەدوای راپەڕینەوە، لەچوارچێوەی ئەو بایەخە تایبەتەی ماڵی بارزانی بەكوڕ‌و نەوەی ئەو كەسانەی دەدات كە لەساڵانی رابردودا خزمەتیان بەپارتی‌و ماڵی بارزانی كردوە، رزگار دەهێنرێتەوە بۆ كوردستان‌و ئێستا لە"مەسیف سەلاحەدین" نیشتەجێیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×