گۆڕان دەرگا بەڕوی دەنگە ناڕازییەكانی نێوخۆیدا دادەخات
  2021-01-14       2243       

ئا: ئاوێنە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان ویستیان لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكەی لێیە لە شاری سلێمانی، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ئەدای حزبەكەیان بخوێننەوە بەڵام رێگەیان پێنەدراو دەرگایان بەڕودا داخستن.

ئەو هەڵسوڕاوانە دوای رێگری لێكردنیان، لەبەردەم مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا وتیان، بە نیازبون بچنە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفاو لەوێ بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ئەدای ئێستای بزوتنەوەكەیان بخوێننەوە، بەڵام دەرگایان بەڕودا داخستون.

رێگریكردن لەو هەڵسوڕاوە ناڕازییانە لەكاتێكدایە كە بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی چەند ساڵی رابردوداو لە بۆنە جیاجیاكاندا جەختی كردۆتەوە كە دەرگاكانی بەڕوی رەخنەو ناڕەزایەتییەكانی نێوخۆییدا واڵان.

عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە، وێڕای خۆبەدەركردنی لە رێگریكردن لەو هەڵسوڕاوانە، رەخنەی لەو رەفتارە گرتوەو لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"بەداخەوە بەدەر لە ویستی ئێمە رێگە بەو هەڵسوڕاوانە نەدرابو، ویستەکەیان جێبەجێ بکرێت."

عەدنان عوسمان جەختی كردۆتەوە كە "ئەرکی خانەو ئۆرگانەکانی گۆڕانە گوێ لە رەخنەو سەرنج و دیدگای جیاوازی هەڵسوڕاوان بگرن. هەنگاوی دروست و ئسوڵی لە پێناو بەهێزکردن و هەستانەوەی گۆڕان دەرگاکردنەوەیە بەڕوی دیالۆگێکی ناوخۆیی بەرهەمدار و بێمەرجدا."

هەروەها عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە رێگریكردن لەو هەڵسوڕاوانە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"من نازانم حیکمەتی دەرگا داخستن و گوێ نەگرتن و گفتوگۆنەکردن لەگەڵ ئەم بەڕێزانەدا لە چیدایە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەم بزوتنەوەیە پێویستی بە گفتوگۆو ھەڵوێستی ئازایانەیە، نەک دەرگا داخستن."

دوابەدوای رێگری لێكردنیان، هەڵسوڕاوە ناڕازییەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەقی ئەو بەیاننامەیەیان بۆ رۆژنامەنوسان خوێندەوە كە رێگەیان پێنەدرا لەناو مەكۆی بزوتنەوەكەیان و لەسەر گۆڕی نەوشیراون مستەفا، بیخوێننەوە.

بەپێی بەیاننامەكەی ئەو هەڵسوڕانەوەی گۆڕان، لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، مەترسییەكی گەورە لەسەر خودی بزوتنەوەكەو پرۆسەی سیاسی لەهەرێم دروست بوە، "بەهۆی هەڵەی بەشێک لە بڕیار بەدەستانی بزوتنەوەکە" ئەمان وەختە "گۆڕان نەناسنەوە."

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتوە "ئێستا سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بە گشت جۆرێک وازیان لە خەونی گۆڕانکاری هێناوەو بونەتە پارێزەر و پاشکۆی دەسەڵاتی بنەماڵە."

ئەو هەڵسوڕاوانە لە بەیاننامەكەیاندا بە ئاماژەدان بەوە كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە گۆڕان "كەوتۆتە دەستێکی نائەمین"، دڵنیاییان داوەتە دەنگدەرانی بزوتنەوەكەیان كە وازناهێنن تا بزوتنەوەكە دەگەڕێننەوە سەر هەمان ئەو بنەمایانەی كە لە پێناویدا دروست بو.

هەروەها بەیاننامەكە داواشی لە رێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەکانی بزوتنەوەكە كردوە لە پێناو ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان "روبەڕوی شکستی گەورەتر نەکەنەوە، خۆیان هەڵبوەشێننەوە"و بزوتنەوەكە رادەستی لیژنەیەکی بەڕێوەبردنی کاتیی خاوەن متمانە بکرێت و لەئایندەیەکی نزیکدا زەمینەسازی بکرێ  بۆ هەڵبژاردن بۆ ڕێکخەری گشتی و خانەو جڤاتەکان و هەڵبژاردنی ناوخۆیی و کاری جدی بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانەی کە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی سەرکردایەتی بزوتنەوەکەوە، وازیانهێناوە یان کارناکەن.

دەقی بەیاننامەكەی كۆمەڵێك لە هەڵسوڕاوانی ناڕازیی گۆڕان

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

راگەیەنراوێک بۆ ڕایگشتی و سەرجەم  گۆڕانخوازان

ئێمە وەک بەشێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەسەرەتای دروستبونی ئەم بزوتنەوەیەوە زۆر دڵسۆزانە و خۆنەویستانە بە ڕۆحیەتی قوربانیدان و گیانفیدایی تێکۆشاین وبەڵێنماندا ئەم بزوتنەوەیە بگەیەنینە ئامانجەکانی و پێشمەرگە ئاسا لەپێناویدا جەنگاین و قوربانی زۆرماندا و دانەبڕاین ، لە ناخۆشترین و سەختترین  کاتەکاندا ئێمە بوینە قەڵغان بۆ پاراستنی و هیچ کات بیرمان لەبەرژەوەندی خۆمان نەکردۆتەوە و سەلامەتی گیان و ژیانمان هیچ کات لەبەرچاو نەگرتووە وە ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەک بوین، یار و نەیاریش شاهیدی ئەو ڕاستیەن، ئێمە هەر ئەو هەڵسوڕاوانەین کە ڕەوانشاد بە داینەمۆی بزوتنەوەکە دەیناساندین، هەمیشە ئێمە بزوتنەوەی گۆڕانمان وەک ماڵی دووەمی خۆمان تەماشا کردووە وە گەورەترین و سەخترین ئەرکیش لەسەر شانی ئێمە بووە ، باجی گۆڕان بونیشماندا و پەشیمانیش نین. کە دڵنیاین ئەمە هەڵوێستی سەرجەم گەنجان و هەڵسوڕاوانی ماندووی بزوتنەوەکە بووە.

زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ غەمێکی گشتی کۆی کردوینەتەوە، ئەویش بریتییە لەو مەترسیە گەورەیە کە لە دوای کۆچی دوایی سەرکردەی خاکی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەسەر بزوتنەوەکە و کۆی پرۆسەی سیاسی دروست بووە، بەهۆی هەڵەی بەشێک لە بڕیار بەدەستانی بزوتنەوەکە و نەیانتوانی ئەو ئەمانەتە گەورەیە بپارێزن کە نیو ملیۆن مرۆڤی ئەم نیشتمانە لە پێناویدا جەنگاو متمانەیان پێ بەخشی . هێدی هێدی ئێمە وەختە گۆڕان نەناسینەوە. لەسەرکردایەتی کردنی دەنگی ناڕازی شەقام و لە پاڵشتیکردنی هەژاران و زوڵم لێکراوانەوە بۆ هاوڕێیەتی ئەو نابەرپرسانەی کە دەیان ساڵە ئێمە بە دز و چەتەو مافیا و بکوژ دەیاناسێنین، ئێستا سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بە گشت جۆرێک وازیان لە خەونی گۆڕانکاری هێناوەوە بونەتە پارێزەر و پاشکۆی دەسەڵاتی بنەماڵە.

هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێ گشت لایەک بە ئاگابهێنین کە لە دوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد، بزوتنەوەی گۆڕان کەوتۆتە دەستێکی نا ئەمین وە ئەجێندای یەکێتی و پارتیان جێبەجێکردووە گەورەترین ناپاکییان لە خودی ڕەوانشاد و هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەکە کردووە و بونەتە هۆی بێ ئومێدی و بێمتمانەی خەڵک بە گۆڕان و تەنانەت خودی کاک نەوشیروانیش. ئەو بەڕێزانە بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتەی ئێستایان سەلماندویانە کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بیر و ڕێبازی نەوشیروان مستەفا نەبوون و کاریان بەو پرەنسیپانە نەکردووە کە ئێمە لە پێناویدا تێکۆشاین وماندوبووین وە ئەوان لە هزری گۆڕانکاری بێبەری دەکەین و تەنها خۆیان بەرپرسن لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم چوار ساڵەی بزوتنەوەکە.

هەربۆیە ئێمە دڵنیایی دەدەینە هەموو هەڵسوڕاوانی دڵسۆز و دەنگدەرانی بزوتنەوەکەمان کە بەردەوام دەبین لە کار و خەباتی خۆمان  لەژێر دروشمی (وازناهینین، وازتان پێدێنین)  بۆ گێڕانەوەی بزوتنەوەکە بۆ سەر هەمان ئەو بنەمایانەی کە لەپێناویدا دروستبوو ، ئەویش بریتی بوو لەیەکسانی و داپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین . کە لە دوای کۆچی کاک نەوشیروان وەک چۆن پرۆسەی سیاسی کەوتۆتە بۆشاییەکی  گەورەوە و وە گشت ئەو بنەمایانەی کە باسمان کرد کەوتۆتە قەیرانەوە یاخود هەر نەماوە.

هەر بۆ ئەم مەبەستە داواکارین لە بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەکان لە پێناوی ئەوەی کە بزوتنەوەکە رووبەڕووی شکستی گەورەتر نەکەنەوە، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و لەبری ئەو بەڕێزانە بزوتنەوەکە ڕادەستی لیژنەیەکی بەڕێوەبردنی کاتی خاوەن متمانە بکرێت و لەئایندەیەکی نزیکدا زەمینەسازی بکرێ  بۆ هەڵبژاردن بۆ ڕێکخەری گشتی و خانەو جڤاتەکان و هەڵبژاردنی ناوخۆی  .وە هەروەها بە زوویی کاری جدی بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانەی کە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی سەرکردایەتی بزوتنەوەکەوە، وازیانهێناوە یان کارناکەن.

ئێمە بەڵێنی بەردەوامی لەسەر هەوڵەکانمان دووپاتدەکەینەوە، تا ئەو کاتەی کە بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتەوە سەر ئەو راستەڕێیەی کە لە پێناویدا دامەزرابوو، وە بووبووە تاکە هیوای هاونیشتمانیانی باشوری کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×