سەرکردەیەکی یەکێتی: بردنی هێزی پارتی بۆ سنوورەکان بۆ گەمارۆدانی پەکەکە و هاوکاریکردنی تورکیایە
  2021-01-25       1898       
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە ڕایدەگەیەینێت، وەزیری بەرگری تورکیا هاتبوو لایەنەکان ڕازیبکات بۆ شەڕی پەکەکە، دەشڵێت: بردنی هێزی پارتی بۆ سنوورەکان نوێکردنەوەی بارەگاکانیان بۆ گەمارۆدانی پەکەکە و هاوکاریکردنی تورکیایە کە لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشبکەن.

ئاوێنە: ١٨ی مانگی ڕابردوو خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری دەوڵەتی تورک و شاندێکی سەربازیی ئەو وڵاتە، سەردانی بەغدا و هەولێریان کرد و زنجیرەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، کە بەوتەی ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز، ئامانجی شاندەکە ڕازیکردنی لایەنەکان بووە کە شەڕ دژی پەکەکە بکەن.

ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: تورکیا بەشێک لە خاکی باشووری کوردستانی داگیرکردووە و لە هەولێر، دهۆک و موسڵە، وە چی لەدەستهاتبێت کردوویەتی و دەیکات، دەشڵێت: بۆ دۆخی شەنگال گرنگە لایەنەکان پاساو نەدەنە تورکیا، بە پلەی یەکەم حکومەتی هەرێم، کە پێموایە حکومەتی هەرێم هاوکاری تورکیا دەکات، خۆ ئەگەر هەرێم هاوکاری تورکیا نەکات، ئەوە عێراقیش هاوکاری ناکات، چونکە هەڵوێستی عێراقیش گرێدراوە بە هەرێمەوە لە شەنگال.

باس لەوەش دەکات، ئەو هەڵوێستانەی حکومەتی هەرێم بەرامبەر تورکیا و پەکەکە هەیبووە، “بەداخەوە تەنها پارتی بووە و هەڵوێستی پارتی تێیدا ڕەنگیداوەتەوە، چونکە لایەنەکانیتری ناو حکومەت، یەکێتی و گۆڕان، ئاگاداری ئەوە نین چی دەگوزەرێ، ئاگاداری جموجوڵەکانی تورکیا و ڕێککەوتنەکان نین”.

ئارێز عەبدوڵا نایشارێتەوە، کە پارتی هەموو هەڵوێست و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا حزبییە و بەناوی حکومەتی هەرێمەوە بڵاوی دەکاتەوە، “ئەوەش کارێکی باش نییە و دەبێت ئەو لایەنانەی ناوحکومەت ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە”.


دەربارەی هەڵوێستی حزبەکەی، ئارێز عەبدوڵا دەڵێت، یەنەکە پێیوایە بە شەڕ کێشەکان چارەسەر نابن و دەبێت بیر لە گفتوگۆ بکرێتەوە، وتیشی: پێویستە ناوخۆی تورکیا و هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش بزانن، کە حکومەتی ڕووخاوی عێراق هیچ نەما بە کورد و پیشمەرگەی نەکات و لەناویش نەچووین، بۆ تورکیاش هەمانشتە و ئێمە ئەو ئەزموونەمان کردووە، بۆیە دەبێت ئێمە هاندەر و هاوکاربین و فشاربکەین کە شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە ڕابگیرێت.

ئەوەش دەڵێت، کە “تورکەکان دەڵێن لەگەڵ پارتی هەماهەنگیمان هەیە بۆ لەناوبردنی پەکەکە لە باشوور و پیلانی شەڕێکی بەرفراوانیان داڕشتووە”.

دەشڵێت:”ئێستا کە هێزەکانی پارتی وردە وردە دەچنە سنوورەکان و بارەگاکان نوێ دەکەنەوە، بۆ گەمارۆدانی پەکەکەیە و بۆ ئەوەیە گەمارۆیان بدەن و تورکیا بە ئاسانیی بتوانن لە ئاسمان و زەوییەوە لە پەکەکە بدەن”.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×