2021-01-30  
وەزیری پێشووتری ژینگە لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامی دارا محەمەد ئەمین لەبارەی ئەو كەسەی لەمزگەوتەكەی هەولێر بەرماڵی تەكاند و نوێژی هەینی بەجێهێشت رایگەیاند "ئێستا لە ژێرچاودێریە وداهاتوش لەزیندانە، ئەگەر من سەرۆكی وڵاتێك بم مافی پەنابەرێتی پێ ئەدەم چونكە ئەزانم ژیانی لە مەترسدایە".
ئاوێنه: دارا محەمەد ئەمین كە یەكێكە لەسەركردەكانی كۆمەڵ و لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا وەزیری ژینگە بووە، لەبڵاوكراوەیەكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی ( 30 كانونی دووەمی 2021) رایگەیاند "هەستان وڕاوەشاندنی ئەو بەرماڵە لەهەولێری پایتەخت لە لابردنی خشتێكی دیواری بەرلین جوامێرانەتر بوو".
هەروەها باسی لەوەكردووە، ئەو نوێژخوێنە ئامادەبو واجبێك جێ بهێڵێت و بەدوای خۆیدا شۆرشێك بەرپا بكات كە دەزانێ مینبەر بۆ "دژایەتی ستەمە و هوشیاری خەڵکە نەک بۆ بەرگری لە گەندەڵكاران" بەپێی دەربڕینی ئەو.
هەروەها دەڵێت "ئەوانەی دیواری بەرلینیان روخاند سزانەدران بەڵام حەتمەن ئەم براردەرە ئێستا لە ژێرچاودێریە وداهاتوش لەزیندانە، ئەگەر من سەرۆكی وڵاتێك بم مافی پەنابەرێتی پێ ئەدەم چونكە ئەزانم ژیانی لە مەترسدایە".
مامۆستا ڕەعد ئۆمەربلی نوری کە کارگێرو وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامییە و کاندیدی پارتی بووە بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (30ی کانونی دووەمی 2021) وتی ''ئەوانەی لەکاتی وتاردان چوونەتە دەرەوە کۆمەڵێک منداڵی هەرزەکار بوون و نوێژیان لەسەر فەرز نییە، ئەوانەشی کە نوێژیان لەسەر فەرز بێت و چووبنەدەرەوە لە ڕووی ئاینییەوە تاوانباربوون لەکاتی ڕۆشتنە دەرەوە لە نوێژی هەینی".
ئاماژهی بهوهشدا، "ئەو کەسانەی چوونەتە دەرەوە نازانم خەڵکی ئەو سنورەن یاخود لە شوێنی دیکەوە هاتوون چونکە من ماوەیەکی کەمە لەو مزگەوتە وتاردەدەم".