كۆشكی سپی: پێویست بكات وەڵامی هێرشەكەی سەر "عەین ئەسەد" دەدەینەوە
  2021-03-03       672       

كۆشكی سپی رایگەیاند، ئەگەر پێویست بكات ئەمریكا وەڵامی بۆ هێرشەكەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق دەبێت.

ئاوێنە: جێن ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێشتا ئیدارەی ئەمریكا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی هێرشەكەی ئەمڕۆ چوارشەممەیە بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە عێراق كە مردنی بەڵێندەرێكی مەدەنی ئەمریكی لێكەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وردەكاری هێرشەكەیان خستۆتە بەردەم سەرۆكی ئەمریكاو هێشتا لێكۆڵینەوە بۆ دیاریكردنی ئەو لایەنەی بەرپرسی هێرشەكەیە بەردەوامە.
جەختیشی كردەوە كە ئەمریكا مافی خۆیەتی وەڵامێكی گونجاوی هەبێت لەدوای دیاریكردنی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكە.

ئەمڕۆ بە 10 موشەك هێرشكرایە سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كە هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لەخۆدەگرێت و هێرشەكەش بوە هۆی مردنی بەڵێندەرێكی مەدەنی ئەمریكی.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێشتر وتبوی، لەكاتی هێرشەكەدا كەسێكی مەدەنی ئەمریكی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كە ویستویەتی پانەگەیەك بدۆزێتەوە، گیانی لەدەستداوە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×