پەناخوازێكی كورد لەبەریتانیا تۆمەتباردەكرێت بەكوشتنی ژنێك و پارچەپارچەكردنی
  2021-03-04       3272       

ئا: ئاوێنە، كاوە ڕەش، بەریتانیا

گەنجێكی تەمەن24  ساڵ، كە خەڵكی كوردستانی عێڕاقەو پەناخوازێكی شكستخواردبوە لەبەریتانیا، لەلایەن دادگاوە تۆمەتباركراوە بەوەی كە دوای ئەوەی سێكس لەگەڵ ژنێكی مەستبوی تەمەن  33 ساڵ بەناوی لۆرین كۆكس دەكات، دەیكوژێت و پاشان لاشەكەی دەكاتە حەوت پارچە بۆ ئەوەی بەئاسانی بیشارێتەوە.

لەكاتی لێكۆڵینەوەی پۆلیسدا، ئەو گەنجە وتویەتی كە ئەو كەسێكی هاورەگەزخوازە(gay)و مەحاڵە كاری لەو جۆرە بكات.

گەنجەكە كە وەك كەسێكی "بێ هەست و سۆز" پێناسە كراوە بەوەی کە هەوڵیداوە شوێن پێی تاوانەكەی داپۆشێت، دوای ئەوەی سێكسی لەگەڵ لۆرین کۆکس كردوە كە مەست بوە، پاشان لەگەڵ خۆی بردویەتییەوە بۆ فلاتەكەی كە ژورێك بوە لەسەروی دوکانێکی کەبابخانە لەناوەندی شاری ئێکسێتەر، لەكاتێكدا ئەو ژنە بەبۆنەی ڕۆژی پشوەوە تا دوشەممەیەكی بانک هۆڵیدەی بوە، لەگەڵ دەستیەك لەهاوڕێكانی لەدەرەوە بوە، بەڵام كاتێك بەمەستی دەگەڕێتەوە ماڵەوە بەتەنیا توشی ئەو كوردە عێڕاقییە دەبێت.

لۆرین کۆکس، کە 32 ساڵ بوە، دوای ئەو شەوەی كە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی  چونەتە دەرەوە بۆ چێژ بینن، دیار نامێنێت، کە ئەمەش دەبێتە جێی گومان و  نهێنی، بۆیە پۆلیس دەستدەكات بەگەڕان و پشكنین و وەك كەیسێكی كەسی بێسەروشوێن مامەڵەی لەگەڵ دەكات.

پۆلیس دوای هەفتەیەك لەشوێنبزربونی ئەو خانمە ئینگلیزە، سەرەداوی كوشتن و دیارنەمانی دەستدەكەوێ.

لەكاتی گەڕان و پشكنین لەشوێنی نیشتەجێبونی ئەو كوردەدا، پۆلیس لە بەشێك لە لێكۆڵینەوەكەیدا وێبسایتێكی دۆزیوەتەوە كە ئەو كوردە سەردانی كردوەو تێیدا گەڕاوە دەربارەی چۆنیەتی هەڵكەندنی گۆڕ بەدەست، وەك دەستەی دادوەران لەڕۆژی ٣ی مارس ئاماژەیان پێ داوە.

داواکاری گشتی سیمۆن لاوس، لەبەردەم دادوەراندا بەردەوام بو لەگەڵاڵەکردنی دۆسیەکە لە دژی ئەو کوردە عێراقیە تەمەن 24 ساڵە کە نکۆڵی لە کوشتنی ئەو  ژنە تەمەن 32 ساڵە دەکرد.

دادگای ئێکستەر کراون، گوێبیستی ئەوە بو كە ئەو گەنجە كوردە لەدەوروبەری  کاتژمێر 2ی سەرلەبەیانی ڕۆیشتۆتە دەرەوەو لۆرینی بەدی کردوە، کاتێک ویستویەتی بەتەنیا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.

هەروەك دادگا گوێبیستی ئەوەش بو، کە لەکۆڵانێک، سێکسی لەگەڵ کردوە، لەگەڵ ئەوە بەشێكیشی لەتەلەفۆنەکەی تۆمار كراوە. پاشان لەگەڵ خۆی بردویەتییەوە بۆ ژورەکەی کە لەسەر كابابخانەیەك بوەو ئەویشی لێ کوشتوە.

داواكاری گشتی دەڵێ، ئەو گەنجە بۆ داپۆشینی تاوانەكەی لەهاوڕێ و كەسوكاری قوربانیەكە تا وای نیشانبدات كە هێشتا لەژیاندایە سیم كارتی لۆرین كۆكسی بەكارهێناوە.

دواتر پۆلیس ئەو سیم كارتەی لەناو ئاوەڕۆیەكی نزیك كۆڵانی كەبابخانەكە دۆزیوەتەوە، لەگەڵ چەند پارچە تێپێكی ڕەش، كە بەكاری هێناون بۆ بەستنی دەست و لاقی قوربانییەكە.

سیمۆن لاوس، وتویەتی، ئەو گەنجە لەکامێرا دەرچوە کە چوە بۆ دوکانە ناوخۆییەکان و جانتاو سەبەتەی پلاستیكی ڕەش و شریتی كڕیوە، لەگەڵ هیتەرێک بۆ وشککردنەوەی فەرش و پەڵەی خوێن، هەروەها پاککەرەوەی هەوا، بۆ شاردنەوەی بۆنی لەشی شیبوەوەی كۆكس، لە ژورەکەی خۆی. تەنانەت لەكاتی كڕینی بێڵ، بۆ هەڵكەندنی گۆڕ لەكامێڕاكان گیراوە.

وەك داواكاری گشتی بەدەستەی دادوەرانی ڕایگەیاندوە، لۆرین، لە شەوی كوشتنیدا چوبوە، ئەو دوكانەو کەبابێکی خواردبو.

کاتێک پۆلیس  سەیری تۆماری كامێراكانی کردوە، وەك داواكاری گشتی لاوس دەڵێ، نیشانی دەدا كە ئەو گەنجە كوردە کاتژمێر 2ی شەو بیناکە بەجێ دێڵێت. دواتر لۆرین و پیاوێک کاتژمێر 2.45ی شەو بەباوەش لێدان و ماچكردنەوە گەڕانەتەوە ئەو شوێنە.

پۆلیس بە گەنجە كوردەكەی ڕاگەیاندوە كە ناتوانێت خۆی لەو تاوانە بێبەری بكات كە بەڕونی دیارەو ئەوە لەكامێراكان دەرچوە.

پۆلیس وێنەو ڤیدیۆی نیشانداوە كە لەگەڵ لۆرین بوە، بەڵام ئەو دەڵێ پێم وانیە ئەوە من بم.

لاوس وتی: گەنجە كوردەكە تەنانەت لەبارەی ئەو بەشەش كە رونتر بو، وتویەتی، ئەو هەرگیز ژنێکی نەهێناوە بۆ شوقەکەی ئەو جەختی کردۆتەوە، کە ئەو حەزی بە ژن نییەو بەهیچ شێوەیەكیش، ئەو خانمە ناناسێت و نەیبینوە.

ئەو وتویەتی کە هاوڕەگەزبازە، بەڵام بەپێی ئەو پەیوەندیانەی ئەنجامی داون، دەردەكەوێ كە ئەو لەڕاستیدا پەیوەندی هەبوە لەگەڵ لەشفرۆشی مێینەو كوڕیشدا.

بەوتەی داواكاری گشتی، گەنجەكە بەناوێكی دیكە كارتی پەنابەری دروستكردوە کە کریستۆفەر مایەر بوە، بەڵام ئەو لە مانگی 12ی ساڵی 2018 لە بەریتانیا، مافی پەنابەرێتی ڕەتکراوەتەوەو دەبو ئەو وڵاتەبەجێبهێڵێی و خۆی دیپۆرت بكردایەتەوە.

بەپێی گێڕانەوەكان بۆ دادگا، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا گەنجە كوردەكە وەك درۆزنێكی لێزان و زمانپاراو دەركەوتوە، تەنانەت لەو ژورەی كە ژنەكەی لێ كوشتوە، بە پۆلیسی وتوە، هیوادارم بەسەلامەتی بیدۆزنەوەو منیش وەك هاوكار لەگەڵتانم، لەكاتێكدا هەفتەیەك بوە كە لۆرین كوژراوە. بەڵام پۆلیس بەهۆی بینینی مۆبایلی گەنجەكەوە كە تێیدا سیم كارتی لۆرینی تێدا بەكارهاتوە گومانەكانی  زیاتر دەبن لەسەری و ئەمەش دەستپێك دەبێت بۆ هێنانە پێشەوەی كەیسەكە.

بەوتەی داواكاری گشتی، بۆیان ڕون بۆتەوە کە ئەو گەنجە بە شێوەیەک لە شێوەیەکان  تێوەگلاوە، بەڵام ئەو سەرەتا هەوڵی داوە پۆلیس سەرقاڵ بكات، بەپرسیاركردن بۆچی پیاوەكانی تری ناو كەبابخانەكە گومانیان لەسەر نییە تەنها ئەو نەبێت. سیمۆن لاوس دەڵێ، بەڵام ئێمە ئەو گەنجە كوردەمان بە گومانی ڕفاندن دەستگیرکرد، پاشان لاوس، دەڵێ، لەدوای گەڕانێک لە ناوچەکە لەلایەن پۆلیسەوە، قۆڵ و رانی لۆرین و قاچی خوارەوەی ڕاستی، لەناو جانتادا دۆزیوەتەوەو لە کۆڵانی تەنیشت بیناکەدا، پارچەکانی تری لەشی و پاشان كەللـە سەری لەژێر چەند دارکەڵەکێك و لەناو دارێکی داڕزیودا دۆزرانەوە، کە چەند میلێک دوربون. دوای ئەوەی گەنجەكە، بەتاكسیەك بردبوی بۆ ناوچەی نیوتن ست سیرێس، لە نزیک ئێکسێتەر.

پسپۆڕانی بواری دی ئێن ئەی، پشت ڕاستیان كردۆتەوە، كە ئەو گەنجە كوردە بەرپرسە لەفڕێدانی جەستەی ئەو قوربانییە. بەڵام هێشتا ئەو نكۆڵی لەكوشتنی دەكات، هەروەك دانی بەشاردنەوەی پارچەكانی جەستەی لۆریندا ناوە، بەڵام ڕەتیكردۆتەوە كە ئەو بكوژ بێت.

پرۆسەی دادگاییكردن لەڕۆژی سێشەممەوە بەردەوامە لەسەر ئەو كەیسەو هێشتا دادگا دوا بڕیاری نەداوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×