پاپا لە ئور: تیرۆر ئایین وەك روپۆشێك بەكاردەهێنێت
  2021-03-06       656       

ئا: ئاوێنە

 

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان لەوتەیەكدا لە شاری مێژویی ئور، رایگەیاند، موسڵمانان و مەسیحییەكان پێكەوە كاریان بۆ پتەوكردنی پایەكانی ئاشتی كردوەو ئاماژەی بەوەشدا كە نابێ برایەتیمان لەبیربكەین چونكە ئێمە نەوەی ئیبراهیمی پێغەمبەرین و جەختیشی كردەوە كە تیرۆر ئایین دەقۆزێتەوەو ئێمە دەبێت رێگری لەوانە بكەین كە كردەوەكانیان بە ئایین دەپۆشن.

پاپا فرانسیس، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی سەردانیدا بۆ شاری مێژویی ئور، وتەیەكی پێشكەشكردو تێیدا رایگەیاند"ئاسمان یەكبونمان پێدەبەخشێت و ئەوەش برایەتیمان پتەو دەكات. نابێ برایەتیمان لەبیربكەین، ئێمە نەوەی ئیبراهیمی پێغەمبەرین.

وتیشی"ئیمان پێكەوە كۆمان دەكاتەوەو تیرۆر و توندوتیژی لە ئایینەوە سەرچاوە ناگرن. تیرۆر، ئایین دەقۆزێتەوەو ئێمە دەبێت رێگە لەوانە بگرین كە ئایین وەك رۆپۆشێك دەقۆزنەوە. برایەتیمان پاڵمان پێوەدەنێت بۆ ئەوەی مرۆییانە بژین."

هەروەها وتیشی"زۆر ئێزیدی كوژران و بەشێكی زۆریان مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا كرا بە تایبەت منداڵانیان."و جەختیشی كردەوە كە سەرجەم پێكهاتە ئاینییەكان لە عێراق زۆریان بەدەست شەڕو تیرۆرەوە چەشتوە.

وتیشی، كاتێك تیرۆر هێرشی كردە سەر ئەم وڵاتە، هێرشی كردە سەر بەشێك لە مێژو.

جەختیشی كردەوە كە "موسڵمانان و مەسیحییەكان پێكەوە كاریان كردوە بۆ پتەوكردنی پایەكانی ئاشتی."

هەروەها وتیشی"هاتنمان بۆ ئەم شوێنە پیرۆزە بۆ ژیاندنەوەیەتی. ئیبراهیمی پێغەمبەر لە ئورەوە دەستی بە گەشتەكەی كردو زۆری چەشت. كارەكە بۆ ئێمە جێهێڵراوە تاوەكو ئازایەتی ئەوەمان هەبێت كە گەشتەكەی ئاشتیی یبراهیمی پێغەمبەرمان تەواو بكەین."

هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا پاپا فرانسیس وتی"هیچ ئاشتییەك بونی نییە بەبێ پێكەوەژیانی ئاشتیانەو بونی خەڵێك كە یارمەتی یەكدی بدەن و هیچ ئاشتییەكیش بەبێ ئەوەی بیرلە یەكدی بكەینەوە بونی نییە. ئاشتی كۆمان دەكاتەوەو لە شەڕ دورماندەخاتەوە. با نوێژ بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین و داوای ئاشتی بكەین بەتایبەت بۆ سوریای ئازارچەشتو، ئێمە با ئەمڕۆ چەمكی رق بگۆڕین بۆ خۆشەویستی.ماڵمان یەكێكەو دەبێت ئێمە بەهایەكی گەورەتر بە مرۆڤایەتی بدەین."

لە رێوڕەسمەكەدا كە بۆ پاپا سازكرابو لە ئور، دو كەس وتەیان پێشكەش كرد كە یەكێكیان مەسیحی و ئەویدیكەیان موسڵمان باسیان لە ژیانی خۆیان كرد كە پێكەوە لە بەسرە دەژین.
پاپا لەوبارەیەوە وتی"وتەكانی داود و حەسەن كاریان تێكردم دەبێت دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێنن تا خەونەكانیان بەدیبهێنن."

هەروەها لەبارەی پەتای كۆرۆناوە وتی"بە هاوكاری نێوانمان پەتای كۆرۆنا دوردەخەینەوە. پێویستە چاومان لە ئاسمان بێت بۆ دورخستنەوەی ئەم مەترسییەو خوا داوای لێكردوین لەپشت یەك بین."

جەختیشی كردەوە كە ڤاكسینی كۆرۆنا كاریگەری دەبێت لەسەر پەتاكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×