وەزیری ئەوقافی هەرێم: رێوشوێن دژی ئەو كەسە دەگیرێتەبەر كە قسەی بە پاپا وتوە
  2021-03-06       883       

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زیا بوتروس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندوە كە رێوشوێنی یاسایی لەدژی بەو كەسە دەگرنەبەر كە لە ڤیدیۆیەكدا قسەی بە پاپای ڤاتیكان و ئایینی مەسیحی وتوە. جەختیشی كردۆتەوە كە شەش هەزار مامۆستای ئایینی لەهەرێم پێشوازی لە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان دەكەن بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌.

ئاوێنە: زیا بوتروس، سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی یەكێك لە پیاوانی ئايینی ئیسلام لە هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە تێیدا سوكایەتی بە ئایينی مەسیحی‌و كەسایەتی پاپای ڤاتیكان دەكات، كاردانەوەی زۆری لەلایەن مەسیحییەكانەوە لێكەوتەوە‌و ئیدانەی ئەو قسانە دەكەن كە لە ڤیدیۆكەدا هاتوە‌و نیگەرانی خۆیان نیشان دەدەن لەبارەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەناوچەكە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆیە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ داوای لە لایەنە بەرپرسەكان كرد بەپێی یاسای پاراستنی مافی كەمینەكان لێپێچینەوە لەو كەسە بكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە پەیوەندییەكيی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زیا بوتروس، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی هەرێم رایگەیاند كە لایەنە بەرپرسەكان لەچوارچێوەی یاسادا رێوشوێن لەدژی ئەو كەسە دەگرنەبەرو جەختی كردەوە كە بەرپرسان لە حكومەت بەڕوی هەمو ئەو كەسانەدا رادەوەستن كە تۆوی ناكۆكی‌و رق لەنێوان گەلانی هەرێمی كوردستاندا دەچێنن‌.

بەپێی رونكردنەوەكە وەزیری ئەوقاف باسی لەوەشكردوە كە زۆربەی مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان شەش هەزار پێشنوێژو وتارخوێنە، پێشوازی لەم سەردانە پیرۆزەی پاپای ڤاتیكان دەكەن بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و بەردەوام لە وتارەكانیاندا بانگەواز بۆ فەراهەمكردنی بنەكامانی پێكەوەژیان‌و یەكترقبوڵكردن دەكەن.

پشتیوان سادق وتوشیەتی"ئەوەی لەو ڤیدیۆیەدا هاتوە تەنیا گوزارشت لەو كەسە دەكات كە قسە دەكات كە لە رەوتی كاری خۆی دەرچوە‌و ئەو وتارەی كاریگەری لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتی‌و ئاینییەكانی نێوان ئایینەكان ناكات بەتایبەتی مەسیحییەكان‌و موسوڵمانان."

زیا بوتروس كە خۆی لە ئایینی مەسیحییە لە رونكردنەوەكەدا سوپاسی وەزیری ئەوقاف و هەروەها سوپاسی زانایان‌و پیاوانی ئایینی ئیسلامی كردوە كە "بەردەوام بانگەواز بۆ پێكەوەژیان دەكەن بەپێی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×