وڵاتانی زلهێزو ئێران لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لە كۆبونەوەدان
  2021-04-02       558       

ئەمڕۆ هەینی، كۆبونەوەی وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێران كە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، دەستی پێكرد.

ئاوێنە: كۆبونەوەكە بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت و تێیدا عەباس عراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆكایەتی وەفدی ئێرانی دەكات.

نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (بەریتانیا، چین، فەرەنسا، روسيا)و هەروەها ئەڵمانیا و نوێنەری یەكێتی ئەوروپا، لەگەڵ ئێران لە كۆبونەوەكەی لیژنەی هاوبەشی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا، بەشدارن.

دوێنێ پێنجشەممە، یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندبو، بەشدارانی كۆبونەوەكە تاوتوێی ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەو مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنەكە، تاوتوێ دەكەن.

ئەمریكا لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەوە پێشوازی لەو هەنگاوە كردو رایگەیاند"ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەبینن."

نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە رۆژنامەنوسانی وتبو"ئێمە ئامادەین هەوڵی گەڕانەوەمان بدەین بۆ بەجێهێنانی پابەندییەكانمان لە رێككەوتنەكەدا بەشێوەیەك كە ئێرانیش بە هەمان كار هەڵسێت."

بەپێی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی وڵاتانی زلهێز بەبێ ئەمریكا لەگەڵ ئێران، دوای ئەنجامدانی گفتوگۆی دیپلۆماتی نهێنی بوە لەنێوان واشنتۆن و تاراندا كە ئەم هەفتەیە لە شاری فرانكفۆرت بەڕێوەچوە.

ئێران داوای كردوە ئەمریكا تاكلایەنە سەرجەم سزاكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنەكە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 2018 ترەمپ لێی كشایەوە.

دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە ئێرانیش پێ بە پێ هەندێك هەنگاوی نا بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتنەكەوە لەوانە زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم كە چەندین جار لەلایەن وڵاتانی زلهێزە داوای لێكراوە بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەكانی.

لەگەڵ ئەوەش بەپێی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، سەرۆك جۆ بایدن لەگەڵ لابردنی ئەو سزا ئابورییانەی سەر ئێراندا نییە كە لەلایەن ترەمپەوە سەپێنراون، ئەوەش لە ترسی لەدەستدانی پشتیوانی كۆنگرێس بۆ بەرنامەكانی لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×