قاسم ئەعرەجی پەیامی ئەمریکییەکان دەباتە ئێران
  2021-04-12       349       

ئەمڕۆ 12ی نیسان قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دوای کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی ئێران دەکات.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی ئاشکرایکردووە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆببێتەوە و بڕیارە پرسی ئەمنی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکرێت.

سەردانەکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ تاران دوای ئەوە دێت کە دوێنێ 11ی نیسان لەگەڵ ماتیۆ تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد کۆبوویەوە و پرسی ڕەوشی ئەمنی و پێشهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکی و ئێرانییەکان لەلایەن قاسم ئەعرەجییەوە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەراورد بە ئیدارەی ترەمپ نەرمترە لە پرسی ئێراندا و هەوڵ هەیە بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×