لە روداوێكی تەقەكردندا لە ئەمریكا هەشت كەس كوژران
  2021-04-16       578       

پۆلیسی ئەمریكا رایگەیاند، لە شاری ئیندیاناپۆلس، چەكدارێك بەهەڕەمەكی تەقەی بەنێو خەڵكدا كردوەو لە ئاكامدا هەشت كەسی كوشتون و دیكەش برینداربون، دواتریش تەقەكەرەكە خۆی كوشتوە.

ئاوێنە: روداوەكە لە ئۆفیسێكی كۆمپانیای فیدێكس لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكە رویداوەو بەڵام كاریگەری لەسەر كارە ئاساییەكانی فڕۆكەخانە نەبوە.

جینی كوك، وتەبێژی پۆلیسی شارەكە رایگەیاند، لە روداوەكەدا هەشت كەس كوژراون و ژمارەیەك برینداریش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە كە برینی یەكێكیان سەخت بوە.
وتیشی، هێشتا پاڵنەری روداوەكە رون نییە.

یەكێك لە كارمەندانی كۆمپانیای فیدێكس رایگەیاند، كەسێك دیوە چەكی پێبوەو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستی بە تەقەكردن كردوە.

روداوی لەو جۆرە لەماوەی رابردودا لە ئەمریكا رویان لەزیادبون كردوە. ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن بەم دواییانە دەستی بە هەڵمەتێك كردوە بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی چەكدارانەو هەوڵدەدات بە رێكاری نوێ چەند رێسایەك بۆ سنورداركردنی هەندێك چەكی دیاریكراو دابنێت.

هەفتەی رابردو بایدن فەرمانێكی بۆ كردنە ئامانجی چەكی دروستكراوی ناوخۆ دەركردو دوای روداوێكی تەقەكردن لە ساوز كارۆلینا وتی"توندوتیژی چەكداریی لەم وڵاتە بۆتە پەتایەك و مایەی شەرمەزاركردنمان لە ئاستی نێودەوڵەتی...هەمو رۆژێك لەم وڵاتە تەقە لە 315 كەس دەكرێت."

كۆمەڵەی نیشتمانی بۆ چەك كە گەورەترین كۆمەڵەی داكۆكارە لە مافی هەڵگرتنی چەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، هەڵمەتەكەی بایدنی دژی هەڵگرتنی چەك بە "پەڕگیرانە" ناوبردوە.

دەستوری ئەمریكا مافی هەڵگری چەكی داوەتە هاوڵاتیان و بەشێكی زۆر لە ئەمریكییەكان پێیانوایە سنورداركردنی هەڵگرتنی چەك پێشێلی ئەو مافە دەستورییەیە.

بەپێی ئامارەكانی پێگەی GVA كە روداوەكانی توندوتیژی چەكداری لە ئەمریكا تۆماردەكات، لەئاكامی توندوتیژییە چەكدارییەكان لەماوەی ئەمساڵدا 12 هەزارو 395 كەس لە ئەمریكا كوژراون كە لەوانە 147 كەسیان لە روداوی تەقەكردنی هەڕەمەكیدا كوژراون. 

ساڵی رابردو لە ئەمریكا لە توندوتیژی چەكدارییدا 43 هەزارو 549 كەس كوژراون كە 610 كەسیان لە روداوی تەقەكردنی هەڕەمەكیدا كوژراون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×