متمانە لە راشید غەنووشی دەستێندرێتەوە
  2021-04-18       609       
قەیرانی پەرلەمانی تونس بەردەوامی هەیە بەهۆی كێشە نێوخۆییەكانیەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەك لە ئەندام پەرلەمان داوای سەندنەوەی متمانە لە راشید غەنووشی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن.

ئاوێنە: ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی تونس راشید غەنووشی سەرۆكی پەرلەمان تۆمەتبار دەكەن بە خراپی ئیدارەدان و دروستكردنی كێشە، بۆیە دەڕۆن بەرە و سەندنەوەی متمانە لێی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

هیشام عەجلوونی ئەندامی پەرلەمانی تونس لە رەوتی دیموكراسی بۆ كەناڵی سكای نیوز رایگەیاند 102 واژۆیان كۆكردووەتەوە لە ئەندامانی پەرلەمان لە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی پشتیوانی لە سەندنەوەی متمانە لە راشید غەنووشی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە 109 دەنگی پەرلەمانتار هەیە.

راشیگەیاند زیاد لە 100 ئەندامی پەرلەمان دژی ئیدارەدانی راشید غەنووشین بۆ كاروبارەكانی پەرلەمان دەڵێن شكستی سیاسی هێناوە.

ئاشكراشیكرد ئەوانەی واژۆیان بۆ سەندنەوەی متمانە لە غەنووشی كۆكردووەتەوە پێكدێن لە نوێنەرانی سەربەخۆكان و فراكسیۆنەكانی دیكە .

غەنووشی رێبەری گرووپی ئیخوان موسلیمینە لە تونس لە دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی حزبەكەی بزووتنەوەی نەهزە سەركەوت لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام دوای شكستەكانی لە ئیدارەدانی وڵات وردە وردە پاشەكشە دەكات و دەنگی ناڕەزایی جەماوەری و سیاسی لە دژی بەرفراوانتر دەبێت.

لە ماوەی رابردوودا رۆژنامەیەكی تونسی راپۆرتێكی لەبارەی سەروەت و سامانی غەنووشی و كەسوكارەكەی بڵاوكردەوە كە لە رێگای قاچاخچێتی و رفاندن و كاری دیكەی نایاساییەوە دەستیان كەوتووە.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×