ئێران لەسەر دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و راپۆرتی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ھاتەدەنگ
  2021-05-10       1481       
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زۆر دەنگۆ لەسەر دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بڵاودەکرێنەوە، بەڵام راستی و دروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێنەوە و ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە.

ئاوێنە: سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرۆژنامەنوسانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، پەیوەست بە راپۆرتی ماڵپەڕی یاهونیوزی ئەمریکی لەبارەی "تێوەگلانی رژێمی ئیسرائیل و دژەتیرۆری کوردستانی عێراق لەروداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی" حکومەتی ئێران بەردەوامە لەهەوڵ و لێکۆڵینەوەکانی "لەسەر دۆسیەی شەهید سلێمانی لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان، زۆر دەنگۆ لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام راستی ودروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەهەر وڵاتێکدا بن، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە".

لای خۆیەوە وتەبێژی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر رایگەیاند، راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕون تۆمه‌تی به‌شداربون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له‌ شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتوە، "به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربون و به‌شداربونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×