حەماس "سەركەوتن" و ئیسرائیل خاپوركردنی 100 كیلۆمەتر تونێلی ژێر زەوی لە غەزە راگەیاند
  2021-05-21       1432       

دوای 11 رۆژ لە گرژییە سەربازییەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس چوە بواری جێبەجێكردن. بزوتنەوەی حەماس "سەركەوتن"ی راگەیاندو ئیسرائیلیش دەڵێت، لە هێرشەكاندا بۆ سەر غەزە پێنج سەركردەی هەردو بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی كوژراون و 100 كیلۆمەتر تونێلی ژێر زەویش لە غەزە خاپوركراوە.

ئاوێنە: شەوی رابردو، ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری میسر ئاگربەستیان راگەیاندو بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئاگربەستەكە چوە بواری جێبەجێكردن.

سوپای ئیسرائیل راگەیاند، لەمیانی بۆردومانەكانیاندا بۆ سەر غەزە 200 چەكداری بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی كوژراون كە پێنج لەوانە سەركردە بون.

سوپای ئیسرائیل ئاشكراشیكرد كە لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر غەزە 100 كیلۆمەتر تونێلی ژێر زەوی خاپور كراوە.

لەلایەكی دیكەوە، خەلیل حەیە، سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس ئاگربەستەكە بە "خۆشی سەركەوتن" ناوبردو وتی، ئەو ماڵانەی كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە وێران بون، بونیاددەنێینەوەو "خەندە بۆ سەر لێوەكان دەگەڕێنینەوە."

وتیشی"بە دوژمن كە بانگەشەی سەركەوتن دەكات دەڵێین: تۆ لە كۆمەڵكوژكردنی منداڵان و ژناندا سەركەوتو بویت."

لە دەستپێكی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان گروپە فەلەستینییەكان و ئیسرائیل كە رۆژی 10ی ئەم مانگە دەستیپێكرد، بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی غەزە، 232 فەلەستینی كوژراون كە لەنێویاندا 65 منداڵ و 39 ژن هەن و هەروەها زیاتر لە یەك هەزارو 900 كەسی دیكەش برینداربون.

هەروەها ئیسرائیل رایگەیاندوە كە بەهۆی هێرشی موشەكی گروپە فەلەستینییەكانەوە لەسەرەتای شەڕەكەوە تاوەكو ئێستا 12 كەس لە ئیسرائیل كوژراون و سەدان كەسیش كە لە هێرشەكاندا برینداربون، چارەسەركراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×