وەزیری ناوخۆ: پارتی بڕیاریداوە یەكەی 80 بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
  2021-06-07       692       

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوە یەكەی 80 بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو داواش لە یەكێتی دەكەین هەمان بڕیار بدات. جەختیشی كردەوە كە یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئاسانترە لە رێكخستنەوەی یەكەی پاسەوانی.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان، سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردو لەگەڵیان كۆبوەوە.

دوای كۆبونەوەكە رێبەر ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە یەكخستنەوەی یەكەی پاسەوانی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەماندا گفتوگۆیان کردوەو "لەسەر ئەو بابەتە قسەی زۆر کراوە ئیتر کاتی ئەوەیە كاری لەسەر بكرێت."

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە قسەكانیدا بەراوردی نێوان رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو یەكەمی پاسەوانی كردو وتی"رەنگە چونە پاڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن یەكەی 70 و یەكەی 80 ئاسانتر بێت لە رێكخستنەوەی یەكەی پاسەوانی، چونكە یەكەی پاسەوانی پەیوەندی بە تاك تاكی بەرپرسان و كەسایەتی و پیاوماقوڵانی ئەو وڵاتەو لایەنە سیاسییەكان هەیە. بەڵام یەكەی 70 و 80 پەیوەندی بە دو حزبە سەرەكییەكەوە هەیە، ئەگەر بڕیار بدەن ئەم دو یەكەیە بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارێكەو تەواو."

وتیشی"ئەوەی من ئێستا ئاگادار بم، پارتی بڕیاریداوە یەكەی 80 بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەستی بەو پڕۆسەیە كردوە، چاوەڕێ دەكەین برایانمان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش ئەو بڕیارە بدەن و یەكەی 70 بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمە پڕۆسەیەكی ئاسانترە لە رێكخستنەوەی یەكەی پاسەوانی."

رێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕو"داوا لە ئەو بەرپرسانە دەکەین کە پاسەوانیان بۆ دانراوە لەگەڵ یاساکەدا خۆیان بگونجێن تا داهات بۆ حکومەت بگەڕێتەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×