ئەمەریکا سزای سێ بەرپرسی پێشوی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە
  2021-06-11       476       

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، سێ بەرپرسی پێشوی كەرتی نەوتی ئێرانی لە لیستی سزاكانی خۆی دەرهێنا كە یەكێكیان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشوی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانە.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە، ئەو سێ بەرپرسانەی پێشوی نەوتی ئێران پێكدێن لە ئەحمەد قەلعە بانی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشوی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران و فەرزاد بازرگان، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی كۆمپانیای هۆنگ كۆنگ ئینتەرترەید و محەمەد موعینی، یەكێك لە بەڕێوەبەرانی پێشوی كۆمپانیای نەفت ئیران ئینتەرترەید.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا وتویەتی، ئەو هەنگاوەیان "لەئەنجامی گۆڕانكارییە لە رەفتار یاخود دۆخی ئەو كەسانەی سزادراون."

لەپاڵ ئەو سێ بەرپرسەی كەرتی نەوتی ئێراندا، كۆمپانیای كەشتیوانی سی چارمینگ(هۆنگ كۆنگ) و كۆمپانیای ئاڤەكسینگ(شەنگەهای) كە دو كۆمپانیای چینین و لە ساڵی 2020 بە تۆمەتی گواستنەوەی نەوتی ئێران سزادرابون، ئەوانیش لە لیستی سزاكانی ئەمریكا هێنراونەتە دەرەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە وتویەتی، هەڵگرتنی سزاكان لەسەر ئەو كەس و كۆمپانیایانە، بڕیارێكی ئاساییەو پەیوەندی بە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئەمریكاو ئێرانەوە نییە كە لە ڤیینە بەڕێوەدەچن بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×