رونكردنەوەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم لەبارەی "سەگەكانی نێو ئەو گەنمەی دەكرێتە ئارد"
  2021-06-11       766       

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو وێنەیەی بڵاوكراوەتەوە گوایە شوێنی كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئاردەو تێیدا كۆمەڵێك سەگ لەنێو گەنمێكی زۆری رۆكراو لەسەر زەوی دەبینرێن، دورو نزیك پەیوەندی بە وەزارەتەكەیانەوە نییەو وێنەیەكیشی بڵاوكرۆدتەوەو دەڵێت، ئەمە شوێنی هەڵگرتنی ئەو گەنمەیە كە دەكرێتە ئارد.

ئاوێنە: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەیەك بڵاوكراوەتەوە كە گەنمێكی زۆر لەسەر زەوی رۆكراوەو كۆمەڵیك سەگ تێیدا خەوتون و دەوترێت ئەوە ئەو گەنمەیە كە دەكرێت بۆ ئەوەی بكرێتە ئارد.

وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان كەمێك لەمەوبەر لەوبارەیەوە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و میدیا بەرێزەکان ئاگاداردەکەینەوە ئەم وێنەیە بڵاوکراوەتەوە گوایە شوێنی کارگەکانی بەرھەمھێنانی ئاردە، لێرەوە وێنەی شوێنی ھەڵگرتنی ئارد بەھاوپێچ لەگەڵ ئەو وێنەیە بڵاو کراوەتەوە، بڵاودەکەینەوە کە ئەو شوێنە دورو نزیک پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە نییە."

هەروەها داواشی لەسەرجەم میدیاكان كردوە بۆ دڵنیابون لەو گەنمەی دەکرێتە ئاردو شوێنی ھەڵگرتنی گەنم، سەردانی شوێنەکان بکەن و نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن.

لەگەڵ ئەوەش چەند هاوڵاتییەكی شاری هەولێر جەختیان كردۆتەوە كە وێنەی ئەو گەنمەی بڵاوكراوەتەوە كە سەگەكانی تێدا خەوتون، راستە، بەڵام شوێنی هەڵگرتنی ئاردی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی نییە، رەخنەیشیان لە وەزارەتەكە گرتوە كە چاودێری ئەو شوێنانە ناكات.

وەزارەتەكە، وێنەكان و رونكردنەوەكەی لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە، هاوڵاتییەكی شاری هەولێر بۆی نوسیون"راستە ئێوە ئاوا گەنمەکە عەمبار ناکەن، بەڵام ئەو وێنەیەی دوەم هی ناو عەلافانە، ئێ هەر ئەو گەنمە دێتە سایلۆ، کەواتە هیچ فەرق ناکات، خەتاکەش لە ئێوەیە چونکە هیچ چاودێریەکتان لەسەر مەیدانی عەلافان نییە، بڕۆ تەماشای بکەن ئەو گەنمە هەمو لەسەر جادە رۆکراوەو رۆژانە دەیان سەگ و ئاژەڵ لەسەری وەردەکەون دواتریش هەر ئەو گەنمە رادەستی سایلۆکان دەکرێت."

هەروەها هاوڵاتییەكی تر نوسیویەتی"ئەو وێنەیەی بڵاوبۆتەوه راسته، خۆم بنيم لەكن مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×