وەستا ڕەسوڵ: داعش خۆی ڕێکخستۆتەوەو توانای پەلاماردانی هەندێک ناوچەی دەوروبەری کەرکوکی هەیە
  2021-06-11       663       
وەستا ڕەسوڵ
وەستا ڕەسوڵ، بەرپرسی پێشوی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە بۆچونیوایه‌ كه‌ داعش خۆی ڕێکخستۆتەوەو به‌نیازی‌ هێرشه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ حەویجەو داقوق‌و دوز.

ئاوێنه‌: وەستا ڕەسوڵ، ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی‌و بەرپرسی پێشوی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە به‌دەنگی ئەمریکای‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "داعش خۆی ڕێکخستۆتەوەو توانای پەلاماردانی هەندێک ناوچەی دەوروبەری کەرکوکی هەیە، نەک کەرکوک، چونکە پەلاماردانی شارێکی گەورەی وەک کەرکوک قورسە."

ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "ڕەنگە داعش هەندێک شوێنی دەوروبەری کەرکوکی دەستنیشان کردبێت، وەکو قەزاو ناحیەکان تا پەلاماری بدات."

دەربارەی ئەو ناوچانەی داعش پلانی هەیە پەلاماریان بدات، وەستا ڕەسوڵ ده‌ڵێت، "هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن، لەحەویجە و داقوق و دوز شتیان بەدەستەوەبێت."

ڕاوێژکارە سەربازیەکەی هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئاشکراشیکرد هێزەکانی داعش بەناوچەکاندا دەسوڕێنەوەو دەچنە گوندەکان بۆ نانخواردن و دەستخستی پێداویستی، لەحەوزەی حەمرینیش هێزیان زۆرە.

بەوتەی وەستا ڕەسوڵ، داعش پێکهاتەی تازەی بۆ هێزەکانی لەدەوروبەری کەرکوک داناوەو سەرجەم ئەمیرەکانی گۆڕیووەو خەڵکی تازەی لەجێگەیان داناوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزە عێراقیەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بەپێی وتەی بەرپرسان، هۆکارەکەی جموجۆڵە فراوانەکانی داعشە لەناوچەکە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×