دادگای‌ دهۆك سزای‌ ساڵێك زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسێكی‌ بادیناندا سه‌پاند
  2021-06-22       548       
ئومێد به‌رۆشكی
له‌سه‌ر دو كه‌یسی‌ جیاواز، دادگای‌ دهۆك سزای‌ ساڵێك زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسێكی‌ بادیناندا سه‌پاند.
 
ئاوێنه‌: ئومێد به‌رۆشكی‌ رۆنامه‌نوس‌و چالاكوان شه‌ش كه‌یسی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ دهۆكه‌وه‌ بۆ كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر سێ كه‌یسیان دادگای‌ كراوه‌و سێ كه‌یسی‌ دیكه‌شی‌ ماوه‌.
 
ماهیر بەرۆشکی، برای ئومێد‌ به‌سایتی‌ رۆژنیوزی‌ وتوه‌، لەدادگای دهۆک شەش کەیس بۆ ئومێد کراوەتەوەو ئەمڕۆ سێ کەیسیان لەدادگا یەکلایی کراوەتەوە، دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاییکردنەوەی سێ کەیسی دیکەشیان، هەڵگیراوە بۆ مانگی داهاتو.
 
ئەمڕۆ ئومێد له‌سه‌ر سێ كه‌یس كه‌ بریتیبون له‌وه‌ی‌، لەفەیسبوکی خۆی هەواڵی هەڵکوتانە سەر ماڵی مامۆستا بەدەل بەرواری لەلایەن ئاسایشەوە بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ئەنجامدانی خۆپیشاندان‌و کەیسەکەی دیکەشی‌ باسکردنی ئەفسەرێکی پۆلیس بوه‌، دادگای كراوه‌.
 
سەرەڕای بەرگریی ئومێدو پارێزەرەکانی، بەڵام دادگای دهۆک بۆ کەیسێک ٢٥٠ هەزار دینار سزای‌ ئومێدی داوه‌و دو کەیسەکەی دیکەش هەریەکەیان بەسزای شەش مانگ زیندانیی بۆ ئومێد، یەکلایی کراوەتەوە.
 
لەبارەی تەندروستیی ئومێدەوە، ماهیر بەرۆشکی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ كه‌ "ئومێد لاواز بووه‌، بەڵام رێگایان نەدا هیچ قسەیەکیان لەگەڵ بکەین، تا لە دۆخی بپرسین."
 
ئومێد، جگه‌ له‌و شه‌ش كه‌یسه‌ کراوەتەوە، بڕیارە لە ٢٩ی تەمموزی ئەمساڵ له‌دادگای‌ دوی‌ هه‌ولێر  جارێکی دیکە له‌گه‌ڵ بەدەل بەرواری دادگای‌ بكرێته‌وه‌ بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان.

ئومێد بەرۆشکی‌و بەدەل بەرواری لەرۆژی 19ی ئابی 2020 بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لەدهۆک دەستگیرکران. 
 
بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ دادگای‌ دهۆك له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی 16ی شوباتی‌ 2021 دادگای تاوانه‌كانی 2ی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامەنوسا‌ن‌و چالاکوانانی سنوری بادینان (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عیدو هاریوان عیسا).

دواترو پاش پەسه‌ندکردنی بڕیارەکە لەلایەن دادگای پێداچونەوەوه‌، بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا لەسه‌ر ئاستی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی کاردانەوەو ئیدانه‌كردنی به‌رفراوانی‌ بەدواداهات، بەتایبەت کاتێک لەدیباجەی بڕیاری دادگای پێداچونەوەدا ناوی کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیاو ئەمریکا هێنرابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×