"وەزیری دارایی عێراق: بەپێی یاسای بودجە حكومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگە دەبێت 630 ملیۆن دۆلار بداتە بەغدا"
  2021-06-24       801       

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دارایی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ لیژنەكەیان، سەبارەت بە پشكی هەرێم وتویەتی، دوای حسابكردن بۆیان رونبۆتەوە كە "دەبێت لەئێستادا حکومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشو بڕی 630 ملیۆن دۆلار بداتە حکومەتی فیدراڵ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزدار دەرچو، بۆیە ئەگەر لەڕوی سیاسییەوە چارەسەر نەکرێت بەپێی بڕگەکانی یاسای بوجە هیچ بڕە شایستەیەک بۆ حكومەتی هەرێم ناڕوات."

ئاوێنە: ئەحمەدی حاجی رەشید، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەر بانگهێشتی لێژنەی دارایی ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لیژنە کراو تێدا چەند پرسیارێکی ئاڕاستەکرا بەتایبەت لەبارەی پشکی هەرێم لەبوجە."

ئەو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتوشیەتی"لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا وەزیر رونکردنەوەیەکی وردی داو وتی؛ بەپێی بڕگەکانی ماددەی (10، 11)ی یاسای بوجە، هەرێم کۆمەڵێک پابەندبونی لەسەرە لەبەرانبەردا کۆمەڵێک شایستەشی هەیە دوای ئەوەی لەئەنجومەنی وەزیران بڕیار دراوە کە شایستەکانی بۆ بنێرێت."

بەپێی قسەی ئەحمەدی حاجی رەشید، وەزیری دارایی وتوشیەتی"ئێمە وەک وەزارەت ڕاسپێراوین ئەو وردکارییە بکەین بزانین هەرێم چەندە شایستەی بەردەکەوێت بۆ ماوەی ئەم 6 مانگە لە ئەنجامدا دوای حسابکردنی خەرجیە فیعلیەکانی حکومەت و لێدەرکردنی بوجەی سیادی و حاکمە ڕون بویەوە کە هەرێم دەبێت ڕۆژانە بایی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەحسابی سۆمۆ ڕادەستی حکومەت بکەن و دەبێت لەئێستادا حکومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشو بڕی 630 ملیۆن دۆلار بداتە حکومەتی فیدراڵ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزدار دەرچو بۆیە ئەگەر لەڕوی سیاسییەوە چارەسەرنەکرێت بەپێی بڕگەکانی یاسای بوجە هیچ بڕە شایستەیەکی بۆ ناڕوات."

ئەحمەدی حاجی رەشید وتوشیەتی"لێرەدا بەپێویستی دەزانم وەبیر وەفدەکەی هەرێم بهێنمەوە لەبەردەم هۆڵی کۆبونەوەکانی لێژنەی داراییدا پێیان گەشتم زۆر بەڕاشکاوی بۆم ڕونکردنەوەو سوێندم بۆ خواردن کە ئەو حسابەی ئێوە کردوتانە هەڵەیەو لەو بڕگەیەی هێناوتانە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ ڕێکەوتون لەسەری زەرەرتانەو هیچتان دەست ناکەویت بەشاهیدی هەندی لە برایانی لێژنەی دارایی. بەڵام بەداخەوە کە گوێ نەگرن خەتای ئێمە نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×