بزوتنەوەی تاڵیبان دەروازەیەكی سنوریی نێوان ئەفغانستان و ئێرانی كۆنترۆڵ كرد
  2021-07-09       788       
دەروازەی سنوریی "ئیسلام قەلعە"ی نێوان ئەفغانستان و ئێران. ئەرشیف

بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، بزوتنەوەی تاڵیبان، ئەمڕۆ هەینی، كونترۆڵی دەروازەی سنوریی "ئیسلام قەلعە"ی نێوان ئەفغانستان و ئێرانی كردوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە كە تاوەكو ئێستا زیاتر لە لەسەدا 90ی ئەو هێزانە كشاونەتەوە.

ئاوێنە: ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لەزاری بەرپرسێكی حكومەتی ئەفغانستان لە ویلایەتی هەرات بڵاویكردۆتەوە كە ئەو دەروازە سنورییە كەوتۆتە دەست بزوتنەوەی تاڵیبان و دو بەرپرسی باڵای ئەمنی ئەفغانستانیش بە رۆیتەرزیان وتوە، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكەدا لەلایەن تاڵیبانەوە، هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی گومرگی ئەفغانستان بۆ ئەودیو سنور هەڵاتون.

هەروەها بەپێی تەلەفزیۆنی "ئەلعالەم"ی ئێرانی، سەربازە ئەفغانییەكان لەڕێگەی ئەو دەروازە سنورییەوە پەنایان بۆ نێو خاكی ئێران بردوە.

لەگەڵ ئەوەش تارق ئارین، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئەو هەواڵانەی رەتكردۆتەوەو رایگەیاندوە، دەروازە سنورییەكە هەر لە كۆنترۆڵی هێزەكانی حكومەتدایە.

لەدوای كۆنترۆڵكردنی هەردو دەروازەی سنوریی ئەفغانستان لەگەڵ تاجیكستان و ئۆزبەكستان، ئەمە سێیەم دەروازەی سنوریی ئەو وڵاتەیە كە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەكەوێتە دەست بزوتنەوەی تاڵیبان.

دەروازەی ئیسلام قەڵعە بە دوری 120 كیلۆمەتر لە شاری هەراتەوە، رێگەیەكی گرنگی ترانزێتی نێوان ئەفغانستان و ئێرانە، كە دەكەوێتە نێوان ویلایەتی هەراتی ئەفغانستان و پارێزگای خۆراستانی رەزەوی ئێرانەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هێزەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان لەدوای دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان بەردەوامن لە كۆنترۆڵكردنی ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە، بەڵام شەوی رابردوش جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، بەرگری لە بڕیارەكەی خۆی بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان كردو جەختیشی كردۆەوە كە كشانەوەیان هێزەكانیان تاوەكو 31ی مانگی ئابی ئەمساڵ كۆتایی دێت.

هەروەها سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە كە بزوتنەوەی تاڵیبان بتوانێت لەو وڵاتە دەسەڵات بگرێتە دەست و رایگەیاند، 75 هەزار چەكداری تاڵیبان بەهیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێن بە 300 هەزار هێزی ئەمنی حكومەتی ئەفغانستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×