کوردێکی سوننە وەک ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا
  2021-10-18       715       
ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران ئاشکرایانکرد، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران مامۆستا “عەبدولسەلام کەریمی” وەک ڕاوێژکاری خۆی بۆ کاروباری كەمینە ئایینییەکان هەڵبژاردووە.

ئاوێنە: عەبدولسەلام کەریمی، خەڵکی شاری سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سوننە مەزهەبە، ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژهەڵات لە شارە جیاجیاکان پۆستی كارگێڕیی لەناو حکومەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، عەبدولسەلام کەریمی ڕایگەیاندووە، “لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی-یەوە پێیوتراوە نابێت جیاوازی بکات لەنێوان کەمایەتییە ئایینییەکان و نەتەوەییەکان، چونکە ڕەئیسی بوونی ئەوان بۆ بەهێزیی ئێران بەگرنگ دەزانێت”.

عەبدولسەلام کەریمی تەمەنی 54 ساڵە و لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، سێ پۆستی كارگێڕیی لە ڕۆژهەڵات هەبووە، کە لەهەریەکێکیاندا بۆ ماوەی پێنج ساڵ ماوەتەوە.

ڕاوێژکارە نوێیەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، پێشتر پێنج ساڵ قائیمقامی شاری دیواندەرە، پێنج ساڵ بەرپرسی زانکۆکانی پەیام نوور لە مەریوان و سنە، پێنج ساڵ جێگری سەرۆکی پلاندانانی ڕێکخراوی پەروەردەی پارێزگای سنە و بەڕێوەبەری ناوەندی زانستی ئیسلامی ئیمام شافعی-ی سنە بووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×