یەكێتی: پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی ئێمەیە
  2021-10-20       996       

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی حزبەكەی ئاوانەو هێڵی سورە.

ئاوێنە: حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە میدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاند"پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی یەكێتییە و ھێڵی سورە."
ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك لە بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەدوای بڵاوبونەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقەوە باس لەوە دەكەن كە پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی حزبەكەی ئەوانە.

كەمال كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندبو،"خەڵكی كەركوك بڕیاریدا كێ پارێزگاری كەركوك دیاری دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین دەنگی هێناوە لەناو هەمو لایەنەكان، بۆیە هەقی خۆمانە پارێزگاری كەركوك بۆ ئێمە بێت و ئێمە دیاری دەكەین ، بۆیە ئەوە جێگەی موناقەشەش نیە كە پارێزگاری كەركوك بۆ پارتیە."

بەڵام دوێنێ سێشەممە، فازڵ میرانى، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لەوەڵامی ئەوەی كە پارتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقدا بۆ یەکێتی، داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوکی کردوە، وتی"ئەوەی گرنگ بو کە کورسییەکانی کورد لە کەرکوک کەمی نەکرد، ئەو پۆستە بۆ کوردە، با پرسی بەغدا یەکلایی بکەینەوە، دواتر باسی ئەوەش دەکەین." 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق سێ كورسی كەركوك و پارتی دیموكراتی كوردستان دو كورسی ئەو پارێزگایەی بردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×