ئاژانسێكى عێراق: حکومەتی هەرێم نیازی هەیە جارێکی تر پەنا بۆ لێبڕینی موچە بباته‌وه‌
  2021-10-21       983       

هەرچەندە تائێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی هیچ لێدوانێکیان لەسەر گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشەکەوت یان لێبڕینی موچەی فەرمانبەران نەداوە، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسێكى عێراق ئاشكرایكردوه‌، حکومەتی هەرێم نیازی هەیە جارێکی تر پەنا بۆ لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بباته‌وه‌.

ئاژانسی "مەعلومە" کە پشتی بەسەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە، بڵاویكردۆته‌وه‌، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە حکومەتی هەرێم دەستدەکاتەوە بەلێبڕینی موچەی فەرمانبەران".

له‌و هه‌واڵه‌دا باس لەوەشکراوە، "ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕەوانەکردنی 200 ملیار دیناری مانگانە ئەنجامدرابوو، لەکۆتایی ئەمساڵ کۆتایی دێت، هەربۆیە لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە جارێکی تر حکومەتی هەرێم بەڕێژەی لە21% له‌موچەی فەرمانبەران دەبڕێتەوە".

لەماوەی ڕابردودا حکومەتی هەرێم دابەزینی نرخی نەوت‌و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو دابەزینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردبوو بەپاساو بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران، بەڵام لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی نرخەکانی نەوت بۆ سەروو 80 دۆلار بەرزبونەتەوەو داهاتە ناوخۆییەکانیش زیادیانکردوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت بەردەوام جەختیان لەوەکردۆتەوە کە بەردەوامبون لەپێدانی موچەی تەواو بەفەرمانبەران پەیوەستە بەڕەوانەکردنی 200 ملیار دینار لەبەغداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×