2021-10-21   2366     
ئا: ئاوێنه
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) ڕایگەیاند، یەکێتیی نەتەوەیی پێویستییەکی بەپەلەیە و بەڵام داگیرکەران دەستیان لەوەدا هەیە، یاری بە سەر سیاسەتی کوردستانەوە دەکەن، ئێستا یەکێک لە لایەنەکانی ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورک پارتییه و وتی: ئێمە هەوڵ بۆ پووچکردنەوەی ئەو پلانانە و هەوڵ بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەدەین، بەڵام پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک کار دەکات و نیشانی دەدات، کە ئەوە زوو پێک نایەت.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) تیشكی خستەسەر پلانی داگیركەران بۆ پەرتەوازەكردنی گەولی كورد و مەترسی هاوكاریكردنی پارتی بۆ هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك باسكرد و هەروەها، گرنگی یەكێتی نەتەوەیی و هەوڵەكانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشكراكرد.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیا نیوز وتی: ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، هەرچەندە ناکۆکیی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام لە کاتێکدا پێویستییان پێی هەبێت لەسەر پرسی کورد و کوردستان کۆدەبنەوە و پلانی هاوبەش دادەنێن و بڕیار دەدەن و سیاسەت دەکەن، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتدا چوار پارچەی کوردستان ناتوانن لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە.
قەرەیلان وتیشی: پێویستییەکی زۆر بەپەلە هەیە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و سیاسەتێکی هاوبەشی کوردستانی، بەڵام داگیرکەرانی چەوسێنەر دەستیان لەوەدا هەیە، یاری بە سەر سیاسەتی کوردستانەوە دەکەن، واتە ئەوان قورساییان هەیە، ئێستا دۆخی یەنەکە ئاساییە، بەڵام پەدەکە بەتایبەتی بەشدار بووە لە چەمک و دید و خواستەی دەوڵەتی تورک دا، کە دەیانەوێت پەکەکە و لە کەسایەتیی پەکەکەشدا دەستکەوتەکانی کورد لە ناو ببەن، ئێستا یەکێک لە لایەنەکانی ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورک پەدەکەیە.
“پەدەکە گەمارۆی ناوچەکانی گەریلای داوە، ئابڵوقە دەسەپێنێت، ڕێگاکان دەگرێت و بەو شێوەیە چەمک و دید و خواستی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک تەواو دەکات، دیارە ئەوان بەوە ڕازی بوون و بەو شێوەیەش کاتێک دەوڵەتی تورک کوردستانی عێراق داگیر دەکات پەدەکە دەنگی لێوە دەرنایەت، هەر لەبەر ئەوەشە گوندنشینان دەچەوسێندرێنەوە و زوڵمیان لێدەکرێت، چونکە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە زیان بە گوندنشینان گەیشتووە، واتە دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست خەڵک دەکاتە ئامانج، ئەوەش بۆ ئەوە دەکات گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بترسێنێت، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت لەگەڵ پەکەکە بجوڵێتەوە، هەندێک جار بە ئەنقەست خەڵک دەکەنە ئامانج و زیان بە باخچە و باخەکانیان دەدگەیەنن، ئەوە سیاسەتی داگیرکارییە. دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست ئەمە دەکات. هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەمە دەزانێت، بەڵام پەدەکە دێت پەکەکە تاوانبار دەکات، ئەوە کارێکی دروست نییە، ئەوە سیاسەتە. ئەوەی زیان بە خەڵک دەگەیەنێت و ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات روون و ئاشکرایە، کە دەوڵەتی تورکە، لە جیاتی ئەوەی لە دژی ئەو کارانە و لە دژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرێت، دەڵێن، پەکەکە بووەتە هۆی ئەمانە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە” موراد قەرەیلان وای وت.
بە بڕوای فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، سەرەڕای داگیركارییەكان و هاوكاریی داگیركەران، لەم دواییانەدا تێکۆشانی ئازادیی کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی هاوبەش هەیە، چونکە داگیرکاریی لەسەر خاکی کوردستان چەندین پلان و یارییان بە دەستەوە هەیە.
وتیشی: ئێمە هەوڵ بۆ پووچکردنەوەی ئەو پلانانە و هەوڵ بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و دێموکراتیک و سیاسەتێکی هاوبەش دەدەین، بۆ ئەوە تێدەکۆشین، بەڵام پەدەکە ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی تورک کار دەکات و نیشانی دەدات، کە ئەوە زوو پێک نایەت، واتە ئەو یەکڕیزی و یەکێتییە، کە هەموو کورد بە دڵێکی پاکەوە داوای دەکەن، ئەوەی، کە دۆستانی کورد هیوایان پێیەتی لەم کاتەدا بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراوە.
هەر لەبارەی یەكێتی نەتەوەییەوە دەڵێت: ئەوە لە ماوەیەکی کەم و نزیکدا ڕوو نادات، چونکە لەسیاسەتی کورددا بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و خێزانی و بەرژەوەندیی حیزبەکان لەسەروو بەرژەوەندیی نەتەوەییەوەیە، بۆیە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە پێشەوە نییە، بەم شێوەیە ئەو پرۆسە و ڕەوتە، کە مرۆڤ جیای دەکاتەوە و هەستی پێدەکات و تیادا رۆڵ دەگێڕێت گەشە دەکات، مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بۆ بارودۆخی ئێستا بڵێت.